گالەری

31-05-2024
10 Photos
دیار جەمیل
رووداو دیجیتاڵ 

کوردێک لە وڵاتی ئەرمینیا براندێکی بەناوی UNITY دروستکردووە و کە چەندین بەرهەمی مادەکانی پاککەرەوە لەخۆ دەگرێت. 

بەشار نەجات ئاغا کوردێکی دانیشتووی وڵاتی ئەرمینیایە و خەڵکی هەولێرە، بە رووداوی گوت: "ماوەی 9 ساڵە لەم وڵاتە دەژیم، سەرەتا بە مەبەستی خوێندن هاتمە ئەرمینیا، بەڵام دواتر بیرم لەوە کردەوە کە بزنسی خۆم لەم وڵاتە دابنێم." 
 
ئەو گەنجە کوردە دەرچووی بەشی دەرمانسازیی یەکێک لە زانکۆکانی شاری یەریڤانی ئەرمینیایە.
 
سەبارەت بە ناوی براندەکەی بەشار گوتی: "بە مانای یەکگرتووی دێت، من چونکە لێرە لەگەڵ هاوڕێ ئەرمینییەکانم کار دەکەم هەر لە سەرەتاوە حەزم کرد ناوێک هەڵبژێرم کە بە مانای یەکگرتووی گەلی کورد و ئەرمەن بێت." 
 
یەکێک لە هاوبەشەکانی بەشار نەجات لە دروستکردنی براندەکەدا ناوی ناریک هاکۆبیانە دەڵێت: "کارکردن لەگەڵ برایانی کورد دا چێژم پێدەبەخشێت چونکە ئەوان کەسانی زیرەک و لێهاتوون، من هەشت ساڵە بەشار دەناسم کاری زۆرمان پێکەوە کردووە وەکو برا پێکەوە کاردەکەین." 
 
بیرۆکەی ئەو براندە بە گوتەی گەنجە کوردەکە لەگەڵ ناریکی هاوڕێی دایانناوە و لە ئێستا بەرهەمەکانیان لە شاری یەریڤان دەفرۆشرێن و رەوانەی شارەکانی دیکەشیان کردووە و دەیانەوێت لە داهاتوو رەوانەی وڵاتانی دیکەشی بکەن.