رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئۆکراینا 500 تۆن ئاردی بۆ سووریا نارد. ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی دەڵێت، ئاردەکە بەسەر 167 هەزار کەسدا دابەش دەکرێت.
رۆژی هەینی، 27-12-2024، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، ئۆکراینا یەکەم پاکێجی خۆراکی وەک هاوکاری بۆ سووریا نارد.
زیلینسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "وەک بەشێک لە دەستپێشخەریی (دانەوێڵە لە ئۆکرایناوە) بە هاوئاهەنگیی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، 500 تۆن ئاردی گەنم بۆ سووریا بەڕێکراوە."
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند: "پلان وایە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئاردەکە بەسەر 33 هەزار و 250 خێزان واتە 167 هەزار کەسدا دابەش بکرێت. هەر سەبەتەیەک 15 کیلۆگرام ئارد لەخۆدەگرێت و بەشی خێزانێکی پێنج کەسی بۆ ماوەی مانگێک دەکات."
لە کۆتایی پۆستەکەدا زیلینسکی هیوای سەلامەتی، سەقامگیری بۆ خەڵکی سووریا دەخوازێت.
رۆژی 20-12-2024، ئەیمی پۆوپ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیێندراوێکی لە ژێر ناوی (بەهاناوەچوونی سووریا لە کاتێکی گرنگدا) بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "نزیکەی 14 ساڵی شەڕ و تەنگژە سووریای پڕووکاند. زیاتر لە 16 ملیۆن سووریایی پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە و زیاتر لە شەش ملیۆن کەسیش وڵاتەکەیان جێهێشتووە؛ 7.2 ملیۆنیش ئاوارەن."
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە رایگەیاند: "لە چەند هەفتەی رابردوودا 800 هەزار ئاوارەی نوێ تۆمارکراون. 90٪ـی سووریاییەکانیش لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین."
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. حکومەتی سووریا لەسەردەمی ئەسەد دا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ رووسیا هەبوو.
لە شوباتی 2022یشەوە رووسیا و ئۆکراینا لە جەنگدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ