لە میسر خۆپیشاندان لە دژی عەبدولفەتاح سیسی بەڕێوەدەچێت

27-09-2019
زانا بەهرام
نیشانەکردن میسر
A+ A-


رووداو-هەولێر

لە چەندین شار و ناوچەی میسر خۆپیشاندان لە دژی عەبدولفەتاح سیسسی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت، خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی سیسی دەکەن.


لەکاتی گەڕانەوەی سیسی بۆ قاهیرە لەدوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەیەک لە لایەنگرانی حکومەت پێشوازییان لە عەبدولفەتاح سیسی کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ سەرۆکی وڵاتەکەیان دووپاتکردەوە. 

لە گوتەیەکیدا بۆ لایەنگرانی، عەبدولفەتاح سیسی رایگەیاند، خەڵکی میسر هۆشیارن و ئەو وێنە خراپ و ساختەیەی کە بەشێک لە لایەنەکان پیشانی دەرەوەی دەدەن، سەرناگرێت. سیسسی دەشڵێت ئەوانە پێشتر کاری لەو جۆرەیان کردووە و ئەمجارە رێگە بە پشیوی نادەین.

قسەکانی سیسی لەکاتێکدا کە خۆپیشاندان زۆربەی شارە گەورەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و لە هەندێ شوێنیش خۆپیشاندانەکان تووندوتیژی لێکەوتووەتەوە. 

لە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی میسر یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە هەرزوو خۆپیشاندان گرتیەوە و هەر ئەوەش بووە هۆی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حوسنی موبارەک. محەممەد مورسی لەدوای شۆڕشی خەڵکی میسر لە 2011 هەڵبژاردنی بردەوە و بووە یەکەم سەرۆکی مەدەنی ئەو وڵاتە. بەڵام لەدوای خۆپیشاندانەکانی 2013 لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، وەزیری بەرگریی ئەوکات و سەرۆکی ئێستای میسر لەسەرکارلادرا و دەستگیرکرا. دوای کودەتاکە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە بەڕێوەچوو و سیسی ئەمجارە بە هەڵبژاردن بووە سەرۆکی میسر.












کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە