حکومەتی غەززە بۆ رووداو: ئیسرائیل 8 جار نەخۆشخانەى شەهیدانى ئەقسای بۆردوومان کردووە

دوێنێ کاژێر 03:37
محەممەد سالم
نەخۆشێک لە نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا. وێنە: رووداو
نەخۆشێک لە نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - غەززە

نەخۆشخانەى شەهیدانى ئەقسا لە شارى دێر بەلەح بەردەوامە لە چارەسەرکردنى نەخۆش و برینداران، سەرەڕاى ئەو کێشانەى هەیەتى کە کاریگەریى لەسەر پێشکێشکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کردووە، بەتایبەت کە ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرا.
 
ئیسماعیل یەکێکە لەو بریندارانەى سەردانى ئەو نەخۆشخانەیەى غەززەى کردووە و کەمیى خزمەتگوزارییەکان گیرۆدەى کردووە.
 
ئیسماعیل ئەبو لەبدە، بریندار دەڵێت، "ئێمەى نەخۆشان گیرۆدەى کەمیى دەرمان و پێداویستیى پزیشکین، تەنانەت ئەو دەرمانە ئازارشکێنانە دەماندرێتى بەش ناکەن، دەستەبەرنەکردنى دەرمان و چارەسەر بە شێوەیەکى شیاو، کاریگەریی نەرێنیى هەبووە لەسەر تەندروستیمان و کێشەى بۆ گەدە و گورچیلەمان دروست کردووە، ئەگەر بە شێوەیەکى شیاو دەرمانمان وەربگرتایە دۆخى تەندروستیمان زۆر باشتر دەبوو."
 
ماوەى سێ مانگە محەممەد لەو نەخۆشخانەیە چارەسەر وەردەگرێت، لەدواى ئەوەى بە تووندى قاچى پێکرا، کە تواناى جووڵەى نەماوە و  کەمیى دەرمان ئازارەکەى زیاتر کردووە.
 
محەممەد شامى، بریندار ئاماژە بەوە دەکات، "کێشەى زۆرمان لەگەڵ کەمیى دەرمان و ئازارشکێنەکان هەیە، ئازارى زۆرم هەیە و ناتوانم شەوان بنووم، پێویستم بەوەیە نەشتەرگەرى بۆ قاچم بکەم، بەڵام پێداویستیى پزیشکیى تایبەت بە نەشتەرگەرى نییە، ئەم دۆخە زۆر ئازارمان دەدات."
 
کێشەى کەڵەکەبوو رووبەڕووى نەخۆشخانەى شەهیدانى ئەقسا بووەتەوە، کە تەنیا نەخۆشخانەى حکومییە سوپاى ئیسرائیل هەڵى نەکوتابێتە سەرى، بەڵام چەند جارێک نەخۆشخانەکە و خێوەتى ئاوارەکانى نێو ئەو نەخۆشخانەیەى بۆردوومان کردووە.
 
ئیسلام سەوابتە، گوتەبێژى نووسینگەى راگەیاندنى حکومەتى غەززە رایگەیاند، "نەخۆشخانەى شەهیدانى ئەقسا 8 جار بۆردوومان کرا، ئەوە زیانى زۆرى بە نەخۆشخانەکە گەیاندووە، بەر لە جەنگ 188 قەرەوێڵەى تێدابوو، ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 700 قەرەوێڵە، بەهۆى قەرەباڵخی و کاریگەرییەکانى بەردەوامى جەنگ."
 
کەرتى غەززە رووبەڕووى قەیرانێکى تەندروستیى تووند بووەتەوە، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییە سەرەکییەکان تیایدا کەمن، ئەوەش سەرەڕاى ئەو داخرانەى کە بەپێى تەندروستیى غەززە وای کردووە زیاتر لە 20 هەزار نەخۆش نەتوانن بچنە دەرەوەى کەرتەکە بۆ ئەوەى چارەسەر وەربگرن.
 
جەنگى بەردەوام لە کەرتى غەززە وایکردووە دەیان چارەسەرگە و ناوەندى تەندروستى لەکاربکەون، ئەوەى ماویشەتەوە چەندین کێشەى هەیە کە کاریگەریى نەرێنیى لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانە هەیە کە پێشکێش بە نەخۆش و بریندارەکان دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە