رووداو - هەولێر
حوسنی موبارەک، سەرۆکی پێشووتری میسڕ لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دواییکرد و میدیای میسڕی هەواڵی کۆچیدواییەکەی پشتراستکردەوە.
محەممەد حوسنی سەید موبارەک لە 4ی ئایاری 1928 لە پارێزگای مەنوفییە لە باکووری میسر لەدایکبووە، لە ساڵی 1981ـەوە تاوەکو 2011 سەرۆکی میسڕبووە.
موبارەک چوارەمین سەرۆکی میسر بوو، جێگەی ئەنوەر ساداتی گرتەوە. موبارەک لە 11ی شوباتی 2011دا دوای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکانی بەهاری عەرەبی، لەژێر گوشاردا دەستبەرداری دەسەڵات بوو.
حوسنی موبارەک لە ساڵی 1950 کۆلێژی هێزی ئاسمانیی تەواوکردووە، لە پلە و پۆستی سەربازی بەردەوام بوو تاوەکو گەیشتە پۆستی سوپاسالاری هێزی ئاسمانیی میسڕ.
لە ساڵی 1972 بووە فەرماندەی هێزی ئاسمانیی میسر، لە 1973 ئەنوەر سادات موبارەکی کردە جێگری سەرۆککۆماری میسر.
لە ساڵی 1981ـدا لە مانۆڕێکی سەربازیدا ئەنوەر سادات لەلایەن گرووپی سەلەفیی ئیسلامییەوە کوژرا و کودەتایەکی میللیی بەسەردا کرا و حوسنی موبارەک بووە سەرۆکی میسر.
لە ساڵی 2005 تاوەکو 2011 بە پاڵپشتیی ئیخوان موسلیمین، خۆپێشاندان لە دژی دەسەڵاتی حوسنی موبارەک درووستبوو. لە 25ی کانوونی دووەمی 2011 خۆپێشاندانەکان فراوانبوون، 28ی کانوونی دووەمی 2011 کە رۆژی هەینی بوو، خۆپێشاندانێک بە بەشداریی هەشت ملیۆن کەس لە سەرتاسەری میسر بەڕێوەچوو. موبارەک هێزە ئەمنییەکانی بە ئاراستەیەکی تووندئاژۆ بە رووی خەڵکدا جووڵاند، بەتایبەتی لە شاری سوێس، لەکاتی ئەو خۆپێشاندانانەدا موبارەک دوو گوتاری پێشکەشکرد، پەیمانی چاکسازیی دا، بەڵام خۆپێشاندان بەردەوامبوون.
خۆپێشاندانەکان سەدان هەزار قوربانییان لێکەوتەوە. لە 10ی شوباتی 2011دا عومەر سلێمانی، جێگری سەرۆکی میسر جێگەی موبارەکی گرتەوە، بەڵام خەڵک بەمەش نەوەستان تاوەکو لە 11ی شوباتی 2011دا دەسەڵاتی سەرۆکایەتی درایە ئەنجوومەنی باڵای هێزە چەکدارەکانی میسر و بە درێژایی شەو ئاهەنگ و خۆشی بەبۆنەی رۆیشتنی موبارەک و دارودەستەکەی بەردەوامبوون، بەتایبەتی لە مەیدانی تەحریر.
موبارەک دوای رۆیشتنی لە دەسەڵات، لە 24ی ئایاری 2011 دادگە بڕیاری دا لەسەر تۆمەتی کوشتنی خۆپێشاندەرە ئاشتیخوازەکان لەکاتی بەهاری عەرەبی دادگایی بکرێت. لە 28ی ئایاری 2011 دادگەی ئیداری قاهیرە تۆمەتی زیانگەیاندنی بە ئابووریی وڵات بەسەر موبارەکدا سەپاند، بە 200 ملیۆن لیرە سزادرا کە دەکاتە 33.6 ملیۆن دۆلار. دادگە داوای کرد کە دەبێت لەسەر پشکەکانی خۆی ئەو پارەیە بدات.
دانیشتنەکانی دیکەی دادگە لەسەر تۆمەتی کوشتنی خۆپێشاندەران و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵی بوو. موبارەک بۆ یەکەمجار لەدوای لاچوون لە دەسەڵات لە دادگە دەرکەوت کە دانیشتنەکە لە نەخۆشخانە سازکرا و دوای ئەوە دادگە بڕیاریدا موبارەک لە زیندانی سەربازی لە دەرەوەی قاهیرە سزابدرێت.
دادگاییکردنی موبارەک تاوەکو کانوونی دووەمی 2012 بەردەوامبوو هەتا دادگا لەسەر کەمتەرخەمیکردن لە رێگریکردن لە کوشتنی خۆپێشاندەران سزای زیندانیی هەمیشەیی بەسەردا سەپاند.
موبارەک لە زینداندا بوو تاوەکو لە 2013دا و دەستپێکردنی خۆپێشاندانی لە دژی محەممەد مورسی، پێنجەمین سەرۆکی میسر. ئەو کاتەی مورسی لە دەسەڵات لادرا، دادگەی تێهەڵچوونەوە تۆمەتەکانی سەر موبارەکی هەڵوەشاندنەوە، لە زیندان ئازادکرا و تاوەکو کاتی مردنی بە دەگمەن لە تەلەڤزیۆنەکان دەردەکەوت.



