ئەمریکا ترسی هەیە لەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشی زەوینی سەر کەرتی غەززە ئامادەنەبێت

24-10-2023
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەیەکی باوەڕپێکراوی ئەمریکی باس لە "ترس"ـی ئیدارەی بایدن دەکات لە "ئامادەنەبوون"ـی سوپای ئیسرائیل بۆ هێرشە زەوینییە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ سەر کەرتی غەززەی ژێر دەسەڵاتی حەماس.
 
بەپێی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ یۆئاڤ گاڵانت، هاوتا ئیسرائیلییەکەی جەختی لەوە کردووەتەوە ئیسرائیل دەبێت "زۆر لەسەرخۆ و بە وردی" تاوتوێی شێوازی هێرشە زەوینییەکە بکات، چونکە "حەماس تۆڕێكی ئاڵۆزی لەژێر ناوچە نیشتەجێبووەکانی غەززەدا هەیە."
 
زیاتر لە هەفتەیەکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە ئیسرائیل لە هێرشە زەوینییەکە تاڕادەیەکی زۆر "خاو" بووەتەوە، ئەوە جگە لە سەرهەڵدانی ناکۆکی لەنێوان خودی نەتانیاهوو و دامەزراوەی سەربازیی وڵاتەکەی، سوپا سەرۆکوەزیران بە "دوودڵ و یەکلانەبووەوە" لە ئەنجامدانی هێرشە زەوینییەکە تۆمەتبار دەکات؛ لە کاتێکدا بە گوتەی هەندێ سەرچاوە، نەتانیاهوو "بیر لە دەرهاوێشتەکانی" هێرشێكی لەو جۆرە دەکاتەوە.
 
پێشتریش چەند بەرپرسێكی ئەمریکی رایانگەیاندبوو کۆشکی سپی دەیەوێت ئیسرائیل هێرشە زەوینییەکەی بۆ سەر کەرتی غەززە دوابخات، تاوەکو رێگە و کات بدرێت بە گفتوگۆکانی ئازادکردنی "بارمتە سڤیلەکان".
 
ئەو رۆژنامە ئەمریکییە ئاماژەشی بەوە کردووە، گوایە ئیدارەی بایدن پێیوایە "ئیسرائیل ئامانجێکی روونی لە غەززەدا نییە و ئەستەمە بتوانێت ئەوەی دەیەوێت، دەستەبەری بکات"، دەشڵێت: "سوپای ئیسرائیل نەخشەڕێگەیەکی روونی نییە بتوانێت ئامانجی نەتانیاهوو بەدیبهێنێت کە بریتییە لە "لەنێوبردنی حەماس."
 
ئەو نیگەرانییەی ئەمریکا، بایدن لە گوتارەکەیدا لە ئیسرائیل خستیەڕوو، کاتێك رایگەیاند "ئیسرائیل پێویستی بەوەیە ئامانجەکانی لە غەززەدا بە روونی دەستنیشان بکات و دڵنیاببێتەوە لەوەی ئەو رێگەیەی دەیگرێتەبەر، ئەو ئامانجانە بەدیدەهێنێت."
 
لەدوای هێرشەکەی رۆژی 7ی تشرینی یەکەم، حکومەتی باری لەناکاو لە ئیسرائیل پێکهێنرا و لە رۆژی یەکەمەوە باس لە هێرشی زەوینی سەر کەرتی غەززە دەکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە