رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ شەممە، لانیکەم 30 کەس کوژراون.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، لانیکەم 16 کەس لە رۆژهەڵاتی لوبنان کوژراون، لە نێویاندا 8 کەس لە شارۆچکەی شمستار. لە باشووری وڵاتەکەش لانیکەم 14 کەس کوژراون، لە نێویاندا 5 کەس لە شاری سووڕ.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە دەستپێکی شەڕەکەوە، زیاتر لە 3 هەزار و 650 کەس بە بۆردوومانی ئیسرائیل کوژراون.
لە لایەنی ئیسرائیلیش، نزیکەی 90 سەرباز و 50 کەسی سڤیل بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان کوژراون.
دیپلۆماتەکان لە هەوڵی رازیکردنی لایەنەکانی شەڕەکەدان بۆ ئەوەی ئاگربەست رابگەیێنن.
ئێستا گفتوگۆ لەسەر پێشنیازی ئاگربەستێکی دوو مانگی دەکرێت تاوەکو لەو ماوەیەدا هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان بکشێنەوە و چەکدارانی حیزبوڵڵاش پێگەکانیان بە درێژایی سنوور چۆڵبکەنەوە و بگەڕێنەوە باشووری رووباری لیتانی.
هەر ئەمڕۆ، گوتەبێژێکی پێنتاگۆن رایگەیاند، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا پەیوەندیی بە یسرائیل کاتسی هاوتا ئیسرائیلییەکەیەوە کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە واشنتن پێداگری لە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ لوبنان دەکات و داوای لە ئیسرائیل کردووە دۆخی "خراپ"ـی کەرتی غەززە چاکبکات.
بە گوتەی گوتەبێژەکە، ئۆستن "جەختی لە پابەندبوونی ئەمریکا بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی لە لوبنان کردەوە بە جۆرێک کە خەڵکی سڤیلی ئیسرائیلی و لوبنانی بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان."
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، کاتس بە ئۆستنی راگەیاندووە، ئیسرائیل "بەردەوامدەبێت لە گرتنەبەری رێکاری بەهێز بەرامبەر هێرشەکانی حیزبوڵڵا" بۆ سەر ئیسرائیل.
بۆ دانوستاندن لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، هەفتەی رابردوو، ئەیمس هۆکشتاین سەردانی ئیسرائیل و لوبنانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات کۆبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ