سعودیە سەردانیکردنی نەتەنیاهو بۆ وڵاتەکەی رەتدەکاتەوە

23-11-2020
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە تویتێکدا رایگەیاند، هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەدا نەبووە.
 
ئەو رەتکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دووشەممە 2020/11/23 رادیۆکانی کان و سەربازیی ئیسرائیل رایانگەیاند، بنیامین نەتانیاهو، "سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بەنهێنی سەردانی سعودیەی کردووە." 
 
بە گوێرەی هەواڵی ئەو دەزگا هەواڵییانە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانەکەیدا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەتەوە.
 
تاوەکو ئێستا نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
 
هەفتەی رابردوو فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لەبارەی رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکان گوتی، "سعودیە پشتگیریی دروستکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەکات، بەڵام ئەوەی لە هەمووی گرنگترە رێککەوتنی هەمیشەیی و ئاشتبوونەوەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلە." 
 
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژی 13ی ئەم مانگەوە بە گەشتێکی 10 رۆژە لە واشنتنەوە بەرەو ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتووە و یەکەمین لادانی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بوو، دواتر بەرەو تورکیا و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی رۆیشت. رۆژی یەکشەممە گەیشتە سعودیە و لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبووەوە. ریاز دوایین وێستگەی گەشتەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە و لەوێوە دەگەڕێتەوە واشنتن دی سی.
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، جۆ بایدن براوەی هەڵبژاردنەکەیە و ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا لەدەست دیموکراتەکاندا دەبێت، بۆیە سەردانەکەی پۆمپەیۆ وەک دوایین سەردان و سەردانی ماڵئاواییکردن لێکدەدرێتەوە، نەک سەردانێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە