رادیۆی ئیسرائیل: نەتەنیاهو دوێنێ شەو لە سعودیە بووە

23-11-2020
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رادیۆی سەربازیی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، بینیامین نەتەنیاهو بەنهێنی چووەتە سعودیە و لەوێ لەگەڵ محەممەد بن سەلمان و مایک پۆمپەیۆ کۆبووەتەوە.
 
بەپێی هەواڵێکی رادیۆکانی کان و سەربازیی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهو، "سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بەنهێنی سەردانی سعودیەی کردووە"، لە سەردانەکەیدا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەتەوە.
 
تاوەکو ئێستا نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە. بەڵام بەپێی "سەرچاوەیەکی ئاگادار" لە سەردانەکە کە بۆ رۆژنامەی هائارێتزی ئیسرائیلی قسەی کردووە، یۆسی کۆهێن، سەرۆکی مۆسادیش بەشداری چاوپێکەوتنەکانی کردووە، کە لە ناوچەی نیۆمی باکووری سعودیە ئەنجامدراوە و سەردانەکە نزیکەی دوو کاژێری خایاندووە، پاشان فڕۆکەکە لە نیوەشەودا گەڕاوەتەوە ئیسرائیل.
 
فڕۆکەکەی نەتانیاهو کە لە سعودیە نیشتووەتەوە هەمان ئەو فڕۆکەیە بووە کە چەندجارێک لە سەردانەکانیدا بۆ رووسیا و ئەمریکا گەشتی پێکردووە. ئەوە بەپێی هائارێتز. 
 
هەفتەی رابردوو فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لەبارەی رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکان گوتی، "سعودیە پشتگیریی دروستکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەکات، بەڵام ئەوەی لە هەمووی گرنگترە؛ رێککەوتنی هەمیشەیی و ئاشتبوونەوەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلە". 
 
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژی 13ی ئەم مانگەوە بە گەشتێکی 10 رۆژە لە واشنتنەوە بەرەو ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتووە و یەکەمین لادانی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بوو، دواتر بەرەو تورکیا و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی رۆیشت. رۆژی یەکشەممە گەیشتە سعودیە و لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبووەوە. ریاز دوایین وێستگەی گەشتەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە و لەوێوە دەگەڕێتەوە واشنتن دی سی.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، جۆ بایدن براوەی هەڵبژاردنەکەیە و ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا لەدەست دیموکراتەکاندا دەبێت، بۆیە سەردانەکەی پۆمپەیۆ وەک دوایین سەردان و سەردانی ماڵئاواییکردن لێکدەدرێتەوە، نەک سەردانێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە