رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دەدەن. داواش دەکەن ئاگربەست لەنێوان هەردوولایان بکرێت و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەو ئاراستەیە بن.
رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2024، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "ئەوەی نیگەرانم دەکات ئەوەیە لوبنان بکرێتە غەززەیەکی دیکە." ئەم قسە لەکاتێکدا بوو کە تەنیا دوو رۆژ مابوو بۆ دەستپێکردنی لووتکەی سەرکردەکانی جیهان لە ئەمریکا.
ئەو گوتانەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێکدان، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، حیزبوڵڵا رایگەیاند، کۆمەڵگەیەکی سەربازیی ئیسرائیلیان لە نزیک شاری حەیفا بە رۆکێت کردووەتە ئامانج.
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، حیزبوڵڵا لە هێرشەکانی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەدا، زیاتر لە 100 رۆکێتی ئاراستەی ئەو کۆمەڵگە سەربازییە کردووە و بەگوێرەی تیمە فریاگوزارییەکانی ئیسرائیل لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، سێ کەس بریندار بوون. ئەمە جگە لەوەی زیانی بە چەندین باڵەخانە و ئۆتۆمبێل گەیاندووە.
ژمارەیەک لە رۆکێتەکانی حیزبوڵڵا لە جۆری کاتیۆشا بوون و لە ناوچەی کەریوت لە نزیک شاری حەیفا کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام زۆربەیان پێش کەوتنە خوارەوەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیلییەوە تێکشکێندراون.
حیزبوڵڵا رایگەیاندووە ئەو هێرشانە لە تۆڵەی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر و وۆکی تۆکییەکانی لوبنان بووە لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، کە بووە هۆی کوژرانی 37 کەس و برینداربوونی زیاتر لە سێ هەزار کەسی دیکە.
یەکێتیی ئەورووپا: زۆر نیگەرانین
رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2024، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بڵاویکردەوە، "یەکێتیی ئەورووپا زۆر نیگەرانە لە زیادبوونی گرژییەکان لە لوبنان، بەتایبەت دوای هێرشەکانی رۆژی هەینی بۆ سەر بەیرووت."
رۆژی هەینیش، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی ژمارەیەک ناوچەی بەیرووتی پایتەختی لوبنانی کرد. بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو بۆردوومانەدا ئیبراهیم عەقیل، فەرماندەی هێزی رەزوان و دووەم گەورەترین بەرپرسی سەربازیی حیزبوڵـڵا کوژران.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش، لە هێرشەکەدا لانیکەم 14 کەس کوژراون و 66ـی دیکەش برینداربوون. هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت دوای ئەوە هات، بەیانیی هەمان رۆژ حیزبوڵڵا 140 رۆکێتی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کرد.
بۆرێل لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، داوای ئاگربەستی نێوان هەردوولا دەکەن.
کۆشکی سپی: زیادبوونی گرژییەکان لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل نییە
رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2024، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا رایگەیاند، "پێمان وانییە کە زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان لە بەرژەوەندییان (ئیسرائیل) بێت." دەشڵێت، بەرپرسانی ئەمریکا ئەوەیان راستەوخۆ بە هاوتا ئیسرائیلیەکانیان گوتووە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا باوەڕیان وایە کە کات و مەودا بۆ چارەسەرێکی دیپلۆماسی ماوە، "ئەمەش ئەو شتەیە کە کاری بۆ دەکەین."
بەرپرسە ئەمریکییەکە جەختی لەوەش کردەوە، "لە سەرەتاوە، هەوڵمانداوە رێگری لە زیادبوونی گرژییەکان بکەین، رێگری لە فراوانبوونی گرژییەکان نەک تەنیا لە نێو و دەوروبەری ئیسرائیل، بەڵکو لە ناوچەکەش."
بەریتانیا: پێویستە ئاگربەستی دەستبەجێ لەنێوان حیزبوڵـڵای لوبنان و ئیسرائیل بکرێت
رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2024، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کۆنفرانسی ساڵانەی پارتی کار دا گوتی، "پەیامەکەمان بۆ هەموو لایەنەکان روونە. پێویستە ئاگربەستی دەستبەجێ لەنێوان هەردوولا (حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل) بکرێت بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێکی سیاسیی دۆخەکە." دەشڵێت، زیادبوونی گرژییەکان نیگەرانی کردوون.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو داوایەیان بۆ ئەوەیە کە "هاووڵاتییانی سڤیلی ئیسرائیل و لوبنان بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و بە ئاشتی و ئارامی بژین."
سەرەتای دەستپێکردنەوەی گرژییەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا
لە تشرینی یەکەمی رابردووەوە کە جەنگی ئیسرائیل و غەززە دەستیپێکرد، وەکو پشتگیرییەک بۆ کەرتەکە، حیزبووڵڵای لوبنان دەستی بە مووشەکبارانکردنی باکووری ئیسرائیل کرد، ئیسرائیلیش دەستی بە بۆردوومانکردنی باشووری لوبنان کرد.
شەڕی سەر سنووری باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل بووەتە هۆی ئەوەی 111 هەزار و 940 کەس لە لوبنان و 94 هەزار کەس لە ئیسرائیل ئاوارە ببن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ