باوکی دوو لەو منداڵە کوردانەی لە لوبنان کوژران: تەنیا لەو شوێنە درا کە منداڵەکانی منی لێبوو

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
شاهین چەرکەس باوکی منداڵەکان قسە بۆ رووداو دەکات
شاهین چەرکەس باوکی منداڵەکان قسە بۆ رووداو دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دوو هێرشی ئیسرائیلدا پێنج سووریایی لە لوبنان کوژران، سێ لە کوژراوەکان منداڵن و کوردی عەفرینن. ئێستا لەو وڵاتە پرسە بۆ کوژراوەکان دانراوە. 
 
باوکی دوو لەو منداڵە کوردانە دەڵێ "لەترسی بۆردوومان، شوێنێکی سەلامەتمان هەڵبژاردبوو، بەڵام یەکەم بۆردوومان تەنیا ئەو شوێنەی گرتەوە کە منداڵەکانی منی لێبوو."
 
هێرشەکە لە 16-07-2024 کرایە سەر گوندێک بەناوی ئوم تووت، کە کەوتووەتە باشووری لوبنان لە نزیک سنووری ئیسرائیل. 
 
دوای هێرشەکە سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە "هێرشمان کردە سەر مۆڵگەیەکی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا لە ناوچەی یارین لە نزیک گوندی ئوم تووت."
 
شاهین چەرکەس، تەمەنی 55 ساڵە و دانیشتووی گوندی ئوم تووتە. ئەو خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و لە ساڵی 2011ـوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆیی سووریا، ئاوارەی لوبنان بووە. 
 
لەو هێرشەی ئیسرائیلدا، دوو منداڵی شاهین چەرکەس بە ناوەکانی جانۆ تەمەن 10 ساڵ و محەممەد تەمەن 7 ساڵ گیانیان لەدەست دا، هەروەها منداڵێکی دیکەی کوردیش گیانی لەدەست دا بەناوی خەلیل محەممەد کە تەمەنی 11 ساڵان بوو.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 23-07-2024، شاهین چەرکەس، میوانی بەرنامەی نوورۆژی رووداو بوو و گوتی "ساڵی 2011 لە سووریا دەرچووین و چووینە لوبنان و لەوێ نیشتەجێ بووین، خەڵکی ئەو وڵاتە هیچ جیاوازییەکیان لەنێوان ئێمە و خۆیاندا نەدەکرد، ئەمە وایکرد ئەو ماوە زۆرە بمێنینەوە."
 
چەرکەس دەڵێ "شەش منداڵم هەیە، کاتی رووداوەکە من و دایکی منداڵەکان سەرقاڵی کاری رۆژانەمان بووین، کاتێک بۆردوومانەکە بوو، پرسیم لەکوێ بووە، گوتیان لە نزیک قوتابخانەکە. کە رۆشتم بینیم بۆردوومانەکە خێوەتەکەی گرتووەتەوە و منداڵەکانم شەهید بوون."
 
لەبەر سەختیی پەیداکردنی بژێوی و ئاوارەیی، شاهین منداڵەکانی نەناردبووە خوێندن، دەڵێ "ئێمە لە کێڵگە کار دەکەین و نەمانویست لە شوێنێک بژین مەترسیی لەسەر منداڵەکانمان هەبێت، بەڵام تەنیا لە منداڵەکانی من درا. ئەوە یەکەمجاریش بوو کە ئەو گوندەی ئێمەی لێین بۆردوومان بکرێت. منداڵەکانم خودا پێی داوم و خوداش بردنیەوە، سوپاس بۆ خوا."
 
باوکی خەلیل کە ئەویش جووتیارە گوتی: "دوای هێرشەکە رامانکرد بزانین منداڵەکان چیان بەسەر هاتووە، بینیمان سێ منداڵ کوژراون."
 
رۆژی 17-07-2024، دانیشتووانی گوندەکە تەرمەکانیان بە خاکسپارد. دوای رووداوەکە، میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند، لە چەند هێرشێکی جیاوازی ئیسرائیل لە رۆژی 16-07-2024، لە باشووری لوبنان و گوندی ئوم تووت، پێنج سووریایی کوژران کە سێیان منداڵ بوون. دواتر حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، لە تۆڵەی ئەو هێرشە، چەند مووشەکێکیان ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردووە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا چەرکەس دەڵێ لەکاتی بۆردوومانەکەدا منداڵەکانی خەریکی ترێخواردن بوون لەو پرۆژە کشتوکاڵییەی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیاندا دروستیان کردبوو.
 
ئاژانسی یونیسێفی تایبەت بە منداڵان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کوژرانی ئەو سێ منداڵە کوردەی بە "تۆقێنەر" وەسف کرد.
 
دوای کوژرانی ئەو پێنج هاووڵاتییە، حیزبوڵڵای لوبنان هۆشداری دا بە ئیسرائیل "ئەگەر خەڵکی سڤیلی زیاتر بەر هێرشەکان بکەون، چەند شوێنێکی نوێتان دەکەینە ئامانج."
 
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 هەڵگیرساوە، حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل بە نزیکەیی هەموو رۆژێک هێرش دەکەنە سەر سنووری یەکدی. لە شەڕ و تەنگژەکانی ئەو دوو لایەنە، 17 سەربازی ئیسرائیلی و 13 سڤیلیان کوژراون. هەرچی لەبارەی لوبنانە، لەوکاتەوە 511 کەس کوژراون کە لانیکەم 104 کەسیان سڤیلن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە