ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا - سووریا و لێکەوتەکانی لەسەر رۆژئاوای کوردستان

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ساڵانێک لە دووژمنایەتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەدی هاوتا سوورییەکەی باسی کۆبووەنەوە و ئاشتبوونەوە دەکەن. بەڵام شرۆڤەکاران پێیانوایە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بە شەو و رۆژێک نابێت، بەڵکو بەهۆی چەندین پرسی ئاڵۆز، قۆناخ بە قۆناخ دەبێت. 
 
دوای ئەوەی کە شەڕی نێوخۆیی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، ئەنقەرە سەرەتا هەوڵی رووخاندنی حکومەتی دیمەشقی دا و پشتیوانیی لەو گرووپانە کرد کە دژی ئەسەد چەکیان هەگرت. ئەردۆغانیش ئەسەدی بە "بکوژ" وەسفکرد. 
 
بەڵام ساڵ دوای ساڵ کە ئەسەد بەشێکی زۆری خاکی لەدەستدراوی بەدەستهێنایەوە، ئەردۆغانیش پاشەکشەی لە هەڵوێستەکەی کرد و نەرمیی نواند. 
 
لە ساڵی 2022ـەوە بەرپرسانی باڵای سووریا و تورکیا چەند جارێک بە نێوەندگیریی رووسیا کۆبوونەتەوە. مۆسکۆ دەیەوێت هەردوو لا ئاشتبکاتەوە. 
 
مونا یەعقوبیان، جێگری سەرۆکی ناوەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە پەیمانگەی ئەمریکا بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاشتی، دەڵێت: هیچ ئاشتبوونەوەیەک "بە شەو و رۆژێک روونادات، تەنانەت ئەگەر ئەسەد و ئەردۆغانیش کۆببنەوە."
 
بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزی و خاڵە ناکۆکە زۆرەکان، خانمە لێکۆڵینڤانەکە دەڵێت: "ئەمە پڕۆسەیەکی قۆناخ بە قۆناخ و دوور و درێژ دەبێت، بەڵام بۆ ئەردۆغان ئاساییکردنەوەکە گرنگە، تەنانەت ئەگەر تەنیا بە رواڵەتیش بێت."
 
لە کاتەوەی شەڕی نێوخۆیی دەستیپێکردووە، سووریاییەکان پەنایان بردووەتەوە بەر تورکیا و ئێستا 3.2 ملیۆن پەنابەری سووریایی لەو وڵاتەن. 
 
زیادبوونی دژایەتیی سووریاییەکان و خراپیی دۆخی ئابووری گوشاریان لەسەر ئەردۆغان دروستکردووە بۆ ئەوەی بیانگەڕێنێتەوە بۆ سووریا. 
 
ئارۆن شتاین، سەرۆکی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی سیاسەتی دەرەوە کە بارەگەکەی لە ئەمریکایە، دەڵێت: "سووریا و پەنابەرەکان بوونەتە بارێکی گران بەسەر ئەردۆغانەوە، ئەو وەبەرهێنانەی ئەنقەرە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریدا کردوویەتی، لە روانگەی سەربازییەوە، شکستێکی تەواوە."
 
'چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت'
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، گوتی کە "تورکیا بۆ ئەوە لە سووریایە تاوەکو هێرشە تیرۆرستییەکان و هەڕەشەکانی سەر خاکەکەی نەهێڵێت و رێگری لە دامەزراندنی رێڕەوێکی تیرۆرستی لە باکووری سووریا بکات،" کە مەبەست لێی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە کە هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان سەرکردایەتیی دەکەن. 
 
هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییە هاوپەیمانەکانی چەند ناوچەیەکی باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستانیان کۆنترۆڵکردووە. هەروەها تورکیا لە ساڵی 2016ـەوە چەند جارێک لەشکرکێشیی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). 
 
ئەسەد، هەفتەی رابردوو گوتی: ئامادەیە لەگەڵ ئەردۆغان کۆبێتەوە، بەڵام نەیشاردەوە کە "پشتیوانیکردن لە تیرۆر" و نەکشانەوەی هێزەکانی تورکیا "کڕۆکی کێشەکەن".
 
شتاین، لێکۆلینڤانەکە، پێیوایە، ئەگەر ئەردۆغان بڵێت رێی تێدەچێت لەگەڵ ئەسەد کۆببێتەوە، ئەوا رەنگە دیدارەکە بکرێت، "لەم پڕۆسەیەدا، چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت، بەڵام دەستەکەی دیکە بکوژێکە کە رقی لێیەتی."
 
ئەسەد بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە "جوداخوازی" تۆمەتبار دەکات و ئەو هێزە ئەمریکیانەشی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان، بە "داگیرکار" دەبینێت. 
 
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکی هەسەدەیە، لە لایەن تورکیاوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت. 
 
هەر نزیکبوونەوەیەک لە نێوان سووریا و تورکیا رووبدات، دەکرێت نیگەرانیی گەورەی بۆ کورد لێبکەوێتەوە، بە جۆرێک کە دەکرێت ئەو دەستکەوتانەی بە خوێن لە جەنگەکەدا بەدەستیهێناون، بەر شاڵاوی دژایەتیی هاوبەشی هەردوو وڵاتەکە بکەون. 
 
سۆنەر کاگاپتای، بەڕێوەبەری بەرنامەی لێکۆڵینەوەکانی تورکیا لە پەیمانگەی واشنتن ئاماژە بەوە دەکات، ئەنقەرە "دەیەوێت ئەسەد پەکەکە رابماڵێت بۆ ئەوەی رێکخراوەکە کپ بێت،" هەر ئەمەش دەبێتە هۆی دەستپێکردنی "ئاساییکردنەوەی راستەقینەی دۆخەکە لە باکووری رۆژئاوا[ی سووریا] و تورکیاش پابەند دەبێت بە کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی سەربازەکانی."
 
'بەشە ئاڵۆزەکە'
 
کاگاپتای پێوایە، لە قۆناخی سەرەتای گۆڕانی پەیوەندییەکەدا، دەکرێت ئەردۆغان دان بە دەسەڵاتی ئەسەد بەسەر باکووری سووریادا بنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دۆسیەی ئەمنیی ئەو ناوچەیە لە دەستی تورکیادا بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی ئەنقەرە بتوانێت ئامانجی ناردنەوەی پەنابەران بەدەستبێنێت. 
 
بەڵام بە گوتەی ئەو لێکۆڵینڤانە: بەشە ئاڵۆزەکە ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانەی ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادان، نایانەوێت لە ژێر دەسەڵاتی ئەسەددا بژین و دەکرێت لە ئەنقەرە هەلبگەڕێنەوە و دەستبکەن بە دژایەتیکردنی تورکیا. 
 
چەند هەفتەی رابردوو، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا خۆپێشاندان دژی تورکیا کرا. ساڵی 2022ش، کە هەواڵی نزیکبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق بڵاوبووەوە، خۆپێشاندان کرا. 
 
شتاین پێوایە، هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وا دەکات تورکیا و سووریا نەتوانن بە ئاسانی لەشکرکێشیان بکەنە سەر. 
 
شتاین دەڵێت: "تاکە رێگەیەک هەبێت، رێککەوتنی ئەدەنەیە کە ماف بە تورکیا دەدات بە قووڵایی چەند کیلۆمەترێک بۆ نێو سنوور[ی سووریا] ئۆپەراسیۆن بکات."
 
ئەو رێککەوتنەی شتاین باسی دەکات، دوای ئەوەی تورکیا هەڕەشەی هەنگاوی سەربازی کرد، لە ساڵی 1998 واژۆکرا و دیمەشق تێیدا رازیبوو پشتیوانی لە پەکەکە نەکات و رێگەنەدات گەریلاکانی بچنە خاکەکەی. 
 
یەعقوبیانیش دەڵێت، تورکیا و سووریا لەم هەنگاوانەیدا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، رەنگە هیوایان بەوە خۆشکردبێت کە گۆڕانێک لە سیاسەتی ئەمریکادا رووبدات سەبارەت بە سووریا و ئەو هێزە ئەمریکیانەی لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جێگیرکراون، بە تایبەتیش کە ئەمریکا لە بەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدایە و ساڵی نوێ ئیدارەیەکی نوێ کۆشکی سپی دەگرێتەدەست. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە