وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشە دەکات؛ 'بەشێکی غەززە بە ئیسرائیلەوە دەلکێنین'

دوێنێ کاژێر 05:12
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، ئەگەر بزووتنەوەی حەماس ئەو بارمتانەی لە غەززە ماون رادەست نەکاتەوە، بەشێکی ئەو ناوچەیەی فەلەستین بە ئیسرائیلەوە دەلکێنن.
 
رۆژی هەینی 21-03-2025 یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "فەرمانم بە سوپا کردووە رووبەری زیاتری غەززە کۆنترۆڵبکەن. حەماس چەند ئازادکردنی بارمتەکان رەتبکاتەوە، خاکی زیاتر لەدەستدەدات کە بە ئیسرائیلەوە دەلکێندرێت."
 
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل چوار رۆژە، ئەو ئاگربەستەی لە 19ـی کانوونی دووەم کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، شکاندووە و بۆردوومانەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووەتەوە.
 
بەرگریی شارستانیی غەززە دوێنێ پێنجشەممە گوتی، 504 کەس لە بەرەبەیانی سێشەممەوە کوژراون.
 
کاتس گوتی: "ئەگەر حەماس پابەند نەبێت، ئێمەش ناوچەی دابڕێندراو لە دەوروبەری غەززە فراوانتر دەکەین بۆ ئەوەی سڤیلی ئیسرائیلی بپارێزین؛ هەروەها سەربازەکانمان بۆ هەمیشە لەوێ جێگیردەکەین."
 
کاتس گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکان لە زەوی، دەریا و ئاسمانەوە چڕتر دەکەینەوە؛ ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکانمان بەردەوام دەبن تاوەکو هەموو بارمتەکان ئازاد دەکەین و حەماسیش لەنێودەبەین."
 
بەگوتەی ئەو وەزیرە، یەکێک لە بژاردەکان بریتییە لە جێبەجێکردنی پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ چۆڵکردنی غەززە و ئاوەدانکردنەوەی. 
 
لەگەڵ تەواوبوونی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست لە سەرەتای مانگی ئادار، ئیسرائیل ویستی قۆناخی یەکەم درێژبکاتەوە و حەماسیش ویستی بچنە قۆناخی دووەم. دوو لایەنەکە پێکنەهاتن و بەرەبەیانی 18ـی مانگ ئیسرائیل بۆردوومانی دەستپێکردەوە.
 
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دوێنێ پێنجشەممەدا نیگەرانیی خۆی لەو بڕیارەی ئیسرائیل دەربڕی و گوتی: "دەستپێکردنەوەی شەڕ شتێکی زۆر چاوەڕواننەکراو بوو، لە کاتێکدا ئێمە هێشتا بەدوای ئەرکی پیرۆزی گەڕاندنەوەی بارمتەکانمانین."
 
لەو 251 بارمتەیەی حەماس لە 07-10-2023 رفاندنی، 58ـیان هێشتا لە غەززەن و سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34ـیان کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە