گالەری

19-10-2023
11 Photos
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و سوپای ئیسرائیل، 13 رۆژە بۆردوومان لە غەززە بەردەوامە، بەپێی دوایین ئاماری تەندروستیی غەززە، تائێستا سێ هەزار و 785 کەس بەهۆی بۆردوومانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی 12 هەزار و 493 کەسیش بریندار بوون. 
 
تەندروستیی غەززە دەڵێت، هەزار و 524 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، منداڵ و نزیکەی هەزار کەسیان ژنن، نزیکەی حەوت هەزار ژن و منداڵی دیکەش بریندارن. 
 
لەو کاتەشەوە، بەشێوەیەکی بەردەوام برینداران لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکانی غەززە رزگار دەکرێن و تەرمی کوژراوان دەردەهێنرێن. 
 
بۆردوومانەکەی شەوی 17ـی تشرینی یەکەم بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە رۆژهەڵاتی غەززە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 500 کەس، ژمارەی قوربانییانی شەڕەکەی بەرزتر کردەوە و رووداوەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
 
هەرچەندە ئیسرائیل رەتی کردەوە هێرشەکەی ئەنجام دابێت، گرووپی جیهادی ئیسلامی بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار کرد، حەماسیش رایگەیاند کە ئیسرائیل نەخۆشخانەکەی بە ئامانج گرتووە. 
 
نزیکەی 20 کاژێر دوای رووداوەکە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "زۆر خەمبار و تووڕەی رووداوی تەقینەوەی دوێنێی نەخۆشخانەکەی غەززەم، هەروەها لەسەر ئەو بنەمایەی کە بینیومە، هێرشەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی غەززەوە کراوە."
 
لە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خۆپێشاندان لەدژی هێرشەکانی سەر غەززە کرا، لە تورکیا ژمارەیەک خۆپێشاندەر ویستیان بچنە نێو باڵیۆزخانەی ئیسرائیلەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگرییان لێکرا، دواتر حکومەتی ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتیانی کرد بە "زووترین کات" تورکیا جێبهێڵن.