رووداو دیجیتاڵ
لە کەنارەکانی دەریای نێوەڕاست لە لوبنان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بە بەشداریی هێزی دەریایی و ئاسمانی چەند وڵاتێک بەڕێوەدەچێت.
ئامانجەکەی ئەوەیە رێگەنەدەن کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاستەوە خۆیان بگەیێننە وڵاتانی ئەوروپا.
ئیلیاس سەیا، ئەفسەر لە سوپای لوبنان دەڵێت، "ئامانجی ئێمە لەم سیناریۆیە ئەوەیە کە توانای هێزەکانمان نیشان بدەین، بۆیە هەرکەسێک یان هەر گرووپێک بیەوێت هەر جۆرە چالاکییەک بکات، پێویستە ئەوەی لەبەرچاو بێت کە هێزێکی سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەیە."
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سوپاکانی لوبنان، ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئوردن، عێراق و میسر بەشدارن و ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
جگە لە رێگەگرتن لە پەڕینەوەی کۆچبەران، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، گەڕان و رزگارکردنی کۆچبەرانیش راهێنانی لەسەر دەکرێت.
ئیلیاس سەیا گوتی، "ئامانجی ئەم جۆرە چالاکییانە ئەوەیە ئاسایشی دەریاکانمان بپارێزین و رێگە لەو کەسانە بگرین کە دەیانەوێت بەشێوەیەکی نایاسایی و لە رێگەی بەلەمەوە لە دەریاوە بپەڕنەوە؛ راهێنان دەکەین بۆ ئەوەی باشتر بتوانین رێگەیان لێبگرین، دەستگیریان بکەین. ئۆپەراسیۆنەکە گەڕان و رزگارکردنی کۆچبەرانیش دەگرێتەوە کە بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە ژمارەیان بەرزبووەتەوە."
لوبنان وڵاتێکی بچووکە و ژمارەی دانیشتووانی شەش ملیۆن کەسە.
جگە لە نزیکەی 300 هەزار پەناخوازی فەلەستینی لە لوبنان، دوای تێكچوونی رەوشی سوریا زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی سووریایی چوونە ئەو وڵاتە؛ خراپی دۆخی ئابووریی لوبنان وایکردووە کە نەک تەنیا ئاوارەکانی دانیشتووی وڵاتەکە، بەڵکو لوبنانییەکانیش هەزاران دۆلار بە قاچاخچییەکان بدەن بۆ ئەوەی لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە خۆیان بگەیێننە وڵاتانی ئەوروپا.


