رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

ژمارەیەک فەلەستینی لەنێو پاشماوەی ماڵێکی رووخاو دا لە نوسەیراتی فەلەستین، دوای هێرشی ئیسرائیل لە 18-3-2025، وێنە: Eyad BABA / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوزیرانی ئیسرائیل کۆتاییهێنانی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی جەنگی غەززە وەک "بەلەمی رزگاربوون" لە قەیرانە سیاسییەکان بەکاربێنێت و ئەو بارمتانەی بە زیندوویی لە غەززە ماون، بکاتە قوربانی.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی فراوانی کردنە سەر کەرتی غەززە و بە گوتەی سەرچاوە تەندروستییەکانی کەرتەکە، لانیکەم 310 کەس کوژراون کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵن.
عزەت رەشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "بڕیاری نەتەنیاهوو بۆ گەڕانەوە بۆ سەر جەنگ، بڕیاری قوربانیکردنی دیلەکانی داگیرکار و دەرکردنی سزای لەسێدارەدانە لە دژیان،" دەشڵێت: "نەتەنیاهوو بڕیاری دەستپێکردنەوەی جەنگی جینۆسایدی دا بۆ ئەوەی وەک بەلەمێکی رزگاربوون لە قەیرانە نێوخۆییەکان بەکاریبێنێت."
کۆشکی سپی ئاماژە بەوە دەکات، پێش ئەوەی ئیسرائیل ئەو هێرشانە بکات، راوێژی بە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە.
کارۆلاین لیڤیت. گوتەبێژی کۆشکی سپی بە کەناڵی فۆکس نیووز راگەیاند: "ئیسرائیلییەکان لە بارەی هێرشەکانی ئەمشەویان بۆ سەر غەززە راوێژیان بە ئیدارەی ترەمپ و کۆشکی سپی کرد."
حەماس رایگەیاند، ئیسرائیل ئاگربەستی پێشێلکرد. بزووتنەوە فەلەستینییەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و "حکومەتەکە توندڕۆکەی بڕیاریانداوە رێککەوتنی ئاگربەست هەڵوەشێننەوە، بەوەش دیلەکانی غەززەیان دایە دەستی چارەنووسێکی نادیار."
هاوکات ئیسرائیل رایگەیاند: "رەتکردنەوەی بەردەوامی ئازادکردنی بارمتەکان لە لایەن حەماسەوە" وایکرد هێرشەکان دەستپێبکەنەوە.
حکومەتی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "حەماس بەردەوام رەتیکردووەتەوە بارمتەکانمان ئازادبکات، هەروەها هەموو ئەو پێشنیازانەشی رەتدکردنەوە کە لە لایەن ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا و نێوەندگیرەکان خرانەڕوو."
ئیسرائیل هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکان "بە هێزێکی سەربازیی گەورەترەوە" بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبن.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "تا ئەو کاتەی پێویست بێت، هێرشەکان بەردەوام دەبن."
ئەو بەرپرسە گوتوویەتی، ئامانجی ئیسرائیل لەم هێرشە "فەرماندە پلە مامناوەندەکان، سەرکردەی سیاسی و ژێرخانی تیرۆرستی حەماسە".
هەر بە گوتەی ئەو بەرپرسە، هێرشەکان لە سنووری هێرشی ئاسمانیدا نامێننەوە، بەڵکو فراوان دەبن.
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ناونەهێنراوی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل پێکردووە بۆ ئەوەی دەست بە هێرشکردنە سەر غەززە بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ