رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەیەک 200 کەس تاوەکو 300 کەس گیانیان لەدەستداوە. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵە دەکات.
رۆژی سێشەممە، 17-10-2023، تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب لە ناوەندی غەززە، 200 کەس بۆ 300 کەس کوژران و لانیکەم 500 کەسی دیکەش بریندار بوون.
تەندروستی غەززە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی کوژراون، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتبوو و بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، چووبوونە حەوشەی نەخۆشخانەکە و لەوێ دەمانەوە.
وەک تەندروستی غەززە بڵاویکردوەتەوە، سەتان کەسی دیکەش تاوەکو ئێستا لەژێر داروپەردووی نەخۆشخانە بۆردوومانکراوەکەدان.
ڤیدیۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆسەر نەخۆشخانەی 'ئەهلی عەرەب' لە غەززە.
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 17, 2023
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 200 کەسیش بریندارن. pic.twitter.com/WQEHbzKYLg
نووسینگەی میدیای حکومەتەکەی حەماسیش لە کەرتی غەززە رەخنەی لە سوپای ئیسرائیل گرت لە بەرامبەر ئەنجامدانی هێرشەکانی و گوتی، ئەوەی ئەمڕۆ کراوە "تاوانی جەنگە".
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵە دەکات و دواتر بۆچوونی خۆی لەو بارەوە بڵاو دەکاتەوە.
رۆژی شەممە 7-10-2023 بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و دواتریش ئیسرائیل وەڵامی دایەوە. 4461 کەس لە هەردوولا کوژراون و نزیکەی 18 هەزار کەسی دیکە برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ