نەخۆشخانەکانی غەززە کێشەی دابینکردنی سووتەمەنییان بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ دروستبووە

17-10-2023
لهۆن نەسرەدین
خەڵک لەبەردەم نەخۆشخانەیەکی غەززە مۆبایل بارگاوی دەکەنەوە
خەڵک لەبەردەم نەخۆشخانەیەکی غەززە مۆبایل بارگاوی دەکەنەوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی نەبوونی کارەباوە لە غەززە، ئێستا خەڵک نۆرە بۆ بارگاویکردنەوەی مۆبایلەکانیان دەگرن، ئەویش لە چەند شوێنێکی دیاریکراو، بەشێوەیەک کە لەو شوێنانە یەک دابەشکەری کارەبا چەندین مۆبایلی پێ بەستراوەتەوە؛ دیمەنێك کە پێشتر لە ئۆکراینا بینراوە و ئێستاش لە غەززەی فەلەستین دووبارە دەبێتەوە.
 
ئوم محەممەد، ئاوارەی غەززە دەڵێت، "ئاوارە بووین، ماڵەکانمان جێهێشت و هاتووینەتە ئەم نەخۆشخانەیە. نە ئاو هەیە و نە خۆراک، کارەباش تەنیا لەم نەخۆشخانەیە هەیە."
 
لەدوای هێرشەکەی 7ی ئەم مانگەی حەماس بۆسەر ناوچەکانی ژێردەستی ئیسرائیل، بۆردوومانکردنی وێستگە و تاوەرەکانی کارەبا لە سەرانسەری غەززە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئیسرائیل بوون.
 
ژێرخان و سەرخانی کارەبای غەززە وێران کراون و جگە لە موەلیدەکان سەرچاوەیەکی دیکەی دابینکردنی کارەبا نییە.
 
ئەبو محەممەد، ئاوارەی غەززە دەڵێت، "هەموو 100 کەسێك لە ریزدا وەستاون بۆ یەک دابەشکەری کارەبا تاوەکو مۆبایلەکانیان بارگاوی بکەنەوە، تەلەفۆنەکان بۆ ئێمە گرنگن تاوەکو لە یەکدی دانەبڕێین و هاوکاریی یەکدیش بکەین."
 
غەززە لە ساڵی 2007ـەوە لەژێر گەمارۆی ئیسرائیلدایە، لەو کاتەوە قەیرانی کارەبای هەیە. غەززە پێویستی بە 500 میگاوات کارەبایە، ئیسرائیل لە رێگەی 10 هێڵەوە 125 میگاواتی پێ دەدات، میسریش نزیکەی 27 میگاواتی بۆ دابین دەکرد. تاکە موەلیدەکەی حەماسیش 70 میگاواتی بەرهەم دەهێنا.
 
زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووی غەززە، رۆژانە کەمتر لە شەش کاژێر کارەبایان هەبووە؛ بەڵام ئێستا تاکە سەرچاوەی وزەی کارەبای شارەکە موەلیدەی نەخۆشخانەکانە، کە ئەوەش تەنیا بەشی 24 کاژێر سووتەمەنییان ماوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە