بەهۆی تەقینەوەی پەیجەرەوە لە سووریا 14 کەس بریندار بوون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا دەڵێن، بەهۆی تەقینەوەی پەیجەرەوە لە سووریا 14 کەس بریندار بوون. ئەوە لەکاتێکدایە، تەقینەوەی پەیجەر لە لوبنان بووە هۆی برینداربوونی 2800 کەس.

رۆژی سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024، سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا بڵاویان کردەوە، "14 کەس بەهۆی تەقینەوەی پەیجەر لە دیمەشق و شوێنەکانی دیکە بریندار بوون."
 
هەرچەندە تاوەکو ئێستا نازاندرێت ئەو کەسانەی بەهۆی تەقینەوەی پەیجەرەوە لە سووریا برینداربوون سەر بە چ لایەنێکن، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵڵا بێ ئەوەی ژمارەکانیان ئاشکرا بکات، بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، هەندێک لە ئەندامەکانیان بەهۆی تەقینەوەی پەیجەرەوە لە سووریا برینداربوون. 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەتان ئامێری پەیوەندی ناسراو بە پەیجەر کە لەلایەن ئەندام و چەکدارانی حیزبوڵڵا و بەشێکی خەڵکی لوبنان بەکاردەهێندرێن، لە لوبنان تەقینەوە و بەو هۆیەوە دوو هەزار و 800 کەس برینداربوون و هەشت کەسیش گیانیان لەدەستدا. 
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بەهۆی برینداربوونیانەوە روویان لە نەخۆشخانەکانی لوبنان کردووە. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە برینەکانیان بەهۆی تەقینەوەی ئامێرێکی وایەرلێسەوە بووە. داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکەین کە ئەو ئامێرەیان هەیە، خۆیان لە بەکارهێنانی بەدوور بگرن."
 
یەکێک لە بریندارەکان باڵیۆزی ئێران لە بەیرووت، موجتەبا ئەمانییە. میدیای فەرمیی ئێران باس لەوە دەکات، برینەکەی سووکە. 
 
حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل لە پشت تەقاندنەوەی ئامێرەکانەوەیە، بەڵام ئیسرائیل هیچ شتێکی لەوبارەیەوە نەگوتووە.
 
لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری پار، حیزبوڵڵای لوبنان ئەندامانی ئاگادار کردەوە زۆر مۆبایل بەکارنەهێنن و لەبری ئەوە، سیستمی پەیوەندی نێوخۆیی گرووپەکە بەکاربهێنن، ئەوەش وەکو رێکارێک بۆ خۆپاراستن لە هاککەرانی ئیسرائیل.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە