نووسینگەی نەتەنیاهوو: هەواڵی ئەرێنی بۆ ئاگربەست گەیشتووەتە سەرۆکوەزیران

دوێنێ کاژێر 08:53
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، تیمی ئیسرائیل لە دانوستاندنەکانی قەتەر هەواڵی ئەرێنییان بە سەرۆکوەزیران گەیاندووە.
 
رۆژی شەممە 17-08-2024، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند "تیمەکەمان لە قەتەر، بە ئەرێنی باسی هەنگاوەکانیان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، بە سەرۆکوەزیران گەیاندووە."
 
رۆژی 27ـی ئایار، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا پێشنیازێکی نوێ بۆ ئاگربەستی غەززە پێشکێش دەکات. ئەو، داوای لە حەماس کرد لە گفتوگۆکان بەشداربێت و رەتی نەکاتەوە.
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو هەروەها رایگەیاند "هیوا هەیە؛ ئەو گوشارە زۆرەی ئەمریکا و نێوەندگیرەکان بۆ سەر حەماس، وایان لێبکات پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست رەتنەکەنەوە."
 
پێشنیازەکەی بایدن لە سێ قۆناخ پێکدێت و بە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی دەستپێدەکات، لەو ماوەیەدا هێزەکانی ئیسرائیل لەو شوێنانەی غەززە دەکشێنەوە کە خەڵکی غەززەی لێیە. هەر لەو ماوەیەدا، ناردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە زیاتر دەکرێت و حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی لایەنەکانی دیکە، درێژە بە دانوستاندن لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی دەدەن. 
 
رۆژانی پێنجشەممە و هەینیی هەفتەی رابردوو، نێوەندگیرانی ئەمریکی، میسری و قەتەری لە دەوحە بە ئامادەبوونی شاندی ئیسرائیل گفتوگۆی ئاگربەستیان کرد. بەرپرسانی میسری و قەتەری هەڵگری پەیامی حەماس بوون.
 
بەرپرسێکی حەماس لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئیسرائیل مەرجی نوێی بۆ ئەو پێشنیازە زیاد کردووە، کە سەرۆکی ئەمریکا لە ئایاری ئەم ساڵ پێشكێشی کرد، بۆیە بزووتنەوە فەلەستینییەکە پێی رازی نییە.
 
بەرپرسەکەی حەماس بە ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسی راگەیاند، یەکێک لە مەرجە نوێیەکانی ئیسرائیل بریتییە لە هێشتنەوەی سەربازانی ئیسرائیلی لەنێو غەززە بەدرێژایی سنووری میسر، لە کاتێکدا حەماس داوای کردووە سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە ناوچە فەلەستینییەکە بکشێتەوە، ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و گیراوە فەلەستینییەکانیش لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، ئازاد بکرێن.
 
رۆژی هەینی، سێ وڵاتە نێوەندگیرەکە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دانوستاندنەکانیان بە "جیدی و بونیادنەر" ناوبرد و باسیان لەوە کرد؛ پێش کۆتایی هەفتەی داهاتوو، جارێکی دیکە لە قاهیرە کۆدەبنەوە.
 
دوێنێ، جۆ بایدن لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە "زۆر زۆر نزیکە بەراورد بە سێ رۆژ لەمەوبەر."
 
ئامانجێکی دیکەی نێوەندگیرانی قەتەری، میسری و ئەمریکی هێورکردنەوەی دۆخی هەرێمییە لەکاتێکدا ئێران و حیزبوڵڵا هەڕەشەی هێرشكردنە سەر ئیسرائیل دەکەن بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و فوئاد شوکر، فەرماندەی باڵای سەربازیی حیزبوڵڵا بکەنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە