گالەری

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشووتر گوتی، "غەززە دەکەینە وێرانە". تاوەکو ئێستا بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لەسەر غەززە کۆتایی پێنەهاتووە، قوربانییەکان بەجۆرێکن زۆرینەی خێزانەکانی باکووری غەززە ئەندامێک یان زیاتر لە ئەندامێکی خێزانەکەیان بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
ئیسرائیل تەنیا بە مووشەک سزای غەززە نادات، بەڵکو نزیکەی هەفتەیەک ئاو و کارەبا و سووتەمەنی لەسەر ئەو کەرتە بڕی، پاش ئەوەی دوێنێ شەممە(15-10-2023)، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرئیل کرد. دوای پەیوەندییەکە وەزیری وزەی ئیسرائیل رایگەیاند، "دووبارە ئاو دەگاتەوە دانیشتووانی غەززە."
 
بەرپرسانی غەززەش گوتیان کە ئاو گەیشتووەتەوە ئەو کەرتە و خەڵک دەتوانن بەکاری بهێنن.
 
ئێستا 10 رۆژ بەسەر شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا تێدەپەڕێت. وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین رایگەیاندووە، دوو هەزار و 754 کەس کوژراون و 10 هەزار و 814 کەسی دیکە برینداربوون. 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش ئامارەکانی قوربانییانی هێرشەکانی بڵاوکردووەتەوە، زیاتر لە هەزار و 400 کەسیش لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون و لانیکەم سێ هەزار و 400 کەس بریندار بوون.