ئیسرائیل لەڕێگەی نامەوە بۆ دانیشتووانی باشووری لوبنان: ناوچەکە چۆڵ بکەن

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
دانیشتووانی بەشێک لە ناوچەکانی باشووری لوبنان، ناوچەکانیان جێدەهێڵن
دانیشتووانی بەشێک لە ناوچەکانی باشووری لوبنان، ناوچەکانیان جێدەهێڵن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل لەڕێگەی درۆنەوە سەتان کۆپی نامەی بۆ دانیشتووانی گوندی وەزانی لە نەبەتیەی لوبنان فڕێداوە و داوای لێکردوون ناوچەکانیان چۆڵبکەن، بەشێکی خەڵکی ناوچەکەش بارگەیان کۆکردەوە و شوێنەکانیان چۆڵ کرد، تەنانەت نازانن کەی دەگەڕێنەوە.
 
ئاوارەیەکی سووریایی لە باشووری لوبنان دەڵێت: "ئیسرائیل ئەو نامانەی فڕێدایە خوارەوە و داوا دەکات ناوچەکە چۆڵبکەین."
 
لەو کاتەوەی شەڕ و پێکدادانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دەستیپێکردووە، ئەمە یەکەمجارە سوپای ئیسرائیل کارێکی لەمشێوەیە بکات.
 
لە نامەکە نەخشەیەک دەردەکەوێت و ناوچەکەیان سوور کراوە، بە عەرەبی تێیدا نووسراوە: "چۆڵی بکەن، ئەوەی بمێنێتەوە وەکو تیرۆریست سەیر دەکرێت."
 
بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکە ناچنە ژێرباری داواکەی ئیسرائیل. ئەحمەد محەممەد، گوندنشینێکی ناوچەکەیە و گوتی: "هەندێک لە سووریاییەکان ناوچەکە بەجێدەهێڵن، چونکە هیچ شتێک بەو شوێنەیان نابەستێتەوە، بەڵام ئێمەی گوندنشین، جووتیار و ئاژەڵدارین، خاکی خۆمان جێناهێڵین."
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، کەتیبەیەک سەربەخۆ ئەو کارەی کردووە و فەرماندەی گشتی پشتڕاستی نەکردووەتەوە، بۆیە لێکۆڵینەوە دەکەن.
 
شەڕی سەر سنووری باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل بووەتە هۆی ئەوەی 111 هەزار و 940 کەس لە لوبنان و 94 هەزار کەس لە ئیسرائیل ئاوارە ببن. هەروەها، لە لوبنان 482 چەکدار و 141 سڤیل و لە ئیسرائیلیش 24 سەرباز و 26 سڤیل کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە