نەتەنیاهوو: بێبەزەییانە لە حیزبوڵڵا دەدەین

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، 'بێبەزەییانە' لە حیزبوڵلا دەدەن، ئەوان دەیانەوێت ئیسرائیل بڕووخێنن. نەتەنیاهوو هەڕەشەی ئەوەشی کرد، لەنێو بەیرووتیش لە حیزبوڵڵا دەدەن.
 
رۆژی دووشەممە 14-10-2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی ئەو بنکەیەی کرد کە دوێنێ شەو حیزبوڵڵا بە ئامانجی گرت. نەتەنیاهوو بە سەربازەکانی ئەو بنکەیەی گوت: "با روون و ئاشکرا بم، لە هەموو ناوچەکانی لوبنان، تەنانەت لەناو بەیرووتیش بێبەزەییانە لە حیزبوڵڵا دەدەین".
 
دوێنێ شەو بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی سێ درۆنی ئاراستەی باشووری شاری حەیفا کرد کە دەکەوێتە باکووری ئیسرائیل. سوپای ئیسرائیل دوو درۆنی هێنایە خوارەوە و درۆنی سێیەم لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەربازی بوو. درۆنەکە ئاراستەی ناوچەی بنیامینا کرا کە بنکەیەکی مەشق و راهێنانی ئیسرائیلی لێیە و بە "کەتیبەکانی گۆلان" ناسراون. لە ئەنجامی هێرشەکە چوار سەرباز کوژران و زیاتر لە 60ـیان بریندار بوون.
 
نەتەنیاهوو بە سەربازەکانی گوت: "خەریکین بە تووندی لە دژی میحوەری خراپەکاری ئێرانیدا شەڕ دەکەین، کە دەیانەوێت بە تەواوی لەنێومان ببەن. ئەوان ناتوانن، ئێمەش بەردەوام دەبین لە شەڕکردن. باجی قورس دەدەین، بەڵام دەستکەوتی زۆر گەورەشمان هەبووە، بەردەوامیش دەبین لە بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتانە".
 
نەتەنیاهوو هەروەها سەردانی ئەو هۆڵەی نان خواردنی کرد کە درۆنەکە بەری کەوت، دواتر سەردانی سەربازە بریندارەکانی ئەو هێرشەی کرد. 
 
رۆژی یەکشەممە حیزبوڵڵا کە لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدایە، رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ژمارەیەک هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر سەربازگەیەکی مەشق و راهێنانی سوپای ئیسرائیل لە بنیامینیا لە باشووری حەیفا.
 
رووداوەکە دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە دوو درۆنی دیکە لە لوبنانەوە سنووری ئاسمانیی ئیسرائیلیان بڕی و لانیکەم یەکێکیان بە باڵەخانەیەکی تەلئەڤیڤدا تەقییەوە و زیانی مادی لێکەوتەوە. 
 
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە، وەک پشتیوانییەک بۆ حەماسی فەلەستینی، حیزبوڵڵا بە هاوەن، مووشەک و تۆپ دەستی بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل کرد، بەڵام ئەیلوولی ئەم ساڵ، شەڕەکەیان تووندتر و خوێناویتر بوو.
 
سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل ناسراو بە گومەزی ئاسنین، بەرپەرچی زۆربەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی حیزبوڵڵای داوەتەوە و زیانێکی سنوورداری گیانیان لێکەوتووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی شوێنی هێرشە درۆنییەکە و گواستنەوەی برینداران

میدیای ئیسرائیل: لە هێرشێکی حیزبوڵڵادا بۆ سەر شاری حەیفا 67 کەس برینداربوون

میدیای ئیسرائیل دەڵێت، حیزبوڵڵا بە درۆن هێرشی کردە سەر شاری حەیفا، بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل نەیتوانی بەرپەرچی بداتەوە و 67 کەس برینداربوون. دۆخی 9 لە بریندارەکان جێگیر نییە. رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "سێ کەس کوژراون."