رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە، سالی حافز کە کچێکی خەڵکی لوبنانە بە چەکەوە چووە سەر بانکێک لە بەیرووت، بە گوتەی خۆی، پارەی خۆی و خوشکەکەی لە بانکدا هەبووە و بۆ چارەسەری خوشکەکەی پێویستی بووە کە تووشی شێرپەنجە بووە.
بەهۆی قەیرانی داراییەوە، سەتان هەزار دۆلاری خەڵک لە بانکەکاندا گیریخواردووە و ناتوانن دەریبهێنن. سالی دەڵێت، سێ ساڵە پارەکەی لە بانکدایە. دوای ئەوەی داوای وەرگرتنەوەی پارەکانی کردووە، بانک رەتیکردووەتەوە، بۆیە ئەویش بەو کارە هەستاوە و دەڵێت، "دەبێت بە دەستی خۆو پارەکان بسەنیتەوە."
لەکاتی هەڵکوتانە سەر بانکەکە، ئەو کچە لە لایڤێکدا دەڵێت، "من سالی حافزم، هاتووم بۆ ئەوەی پارەی خوشکەکەم ببەم کە لە نەخۆشخانە خەریکە دەمرێت.. من نەهاتووم کەس بکوژم یان تەقە بکەم، هاتووم مافەکانم بەدەستبهێنم."
ئەو کچە باس لەوە دەکات، بۆ چارەسەری خوشکەکەی 50 هەزار دۆلاریان پێویستە، بەڵام ئەوان 20 هەزار دۆلاریان هەیە و کەلوپەلی ماڵەکەیشیان فرۆشتووە. دواتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای خۆجێیی وڵاتەکە، سالی گوتی، توانیویەتی 13 هەزار دۆلار لەکۆی ئەو 20 هەزار دۆلارەی لە بانک هەیان بوو، دەربهێنێت.
پێشتر بەڕێوەبەری بانکەکە بەو خێزانەی گوتبوو، مانگانە دەتوانن تەنیا 200 دۆلاریان پێبدەن، کە بە گوتەی سالی، بەس نییە بۆ چارەسەری خوشکەکەی.
ئەو کچە پێش ئەوەی ئەو کارە بکات، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک پۆستێکی کردووە و بەڵێنی ئەوەی بە خوشکە نەخۆشەکەی داوە کە بینێرێتە دەرەوەی وڵات و چارەسەر بکرێت.

زینە حافز، خوشکێکی دیکەی سالییە، ئەویش قسەی بۆ میدیاکانی ئەو وڵاتە کردووە و دەڵێت، "ئێمە بڕە پارەیەکمان لە بانک دانابوو، هەر کاتێک پێویستمان پێ بووبێت پارەکەمان راکێشاوە، وڵاتیك نییە پارێزگاری لە مافەکانمان بکات، خوشکەکەم نەخۆشە و دەبێ بیبەینە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر، سەرەتا چوینە وەزارەتی تەندروستی و وەزیر گوتی پارەمان نییە، کەس یارمەتی خوشکەکەمی نەدا، ئێمە پارەی کەسمان نەبردووە و پارەی خۆمان بردووە و مافی خۆمانە."
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، گەنجێکی دیکە بەناوی شەریفەدین هێرشی کردووەتە سەر بانکێکی دیکە لە باکووری بەیرووت و نزیکەی 30 هەزار دۆلاری پارەی خۆی لە بانکەکە دەرهێناوە.
رووداوی هێرشکردنە سەر بانک لە لوبنان لەم دواییانەدا زۆر بووە و مانگی ئابی رابردووش گەنجێک بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانی بە مەبەستی چارەسەرکردنی باوکی، هێرشی کردە سەر لقێکی بانکی فیدراڵی لە بەیرووتی پایتەخت و دوای چەند رۆژێک لە دەستگیرکردنی، توانی بڕێک لە پارەکەی وەربگرێتەوە.




