حەماس دووبارە داوا لە ئیسرائیل دەکات لە باشووری غەززە بکشێتەوە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی داوا لە ئیسرائیل دەکات لە باشووری غەززە بکشێتەوە. هەروەها ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات پێشێلی بڕگەکانی ئاگربەستی کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، حازم قاسم، گوتەبێژی حەماس رایگەیاند، بەگوێرەی ئاگربەستی نێوانیان، دەبووایە ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هێزەکانی لە باشووری کەرتی غەززە بکشاندبایەوە.
 
حەماس داوا لە ئیسرائیل دەکات، بە زووترین کات هێزەکانی لە نزیک رێڕەوی ستراتیژی فیلادیلیفیا بکشێنێتەوە. ئیسرائیلیش جەخت لەوە دەکاتەوە بۆ ئەوە لە فیلادیلفیا ماوەتەوە دەیەوێت رێگە بگرێت حەماس لە میسرەوە چەک بە قاچاخ بباتە غەززە. 
 
گوتەبێژی حەماس ئاماژە بەوە دەکات، یەکێک لەو پرسانەی کە ئاڵنگاری زۆری لەبەردەم گفتوگۆکانی تایبەت بە قۆناخی دووەمی ئاگربەست دروست کردووە، رێڕەوی فیلادیلفیایە. 
 
حازم قاسم رایگەیاند، تاوەکو ئیسرائیل هەموو خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکات و هێزەکانی لە غەززە نەکشێنێتەوە، ئامادە نین رێککەوتن لەبارەی قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکە بکەن.
 
رۆژی یەکشەممە، 09-03-2025، ئێلی کۆهین، وەزیری وزەی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا رایگەیاند، فەرمانی کردووە کارەبای کەرتی غەززە ببڕن، ئەمەش دوای هەفتەیەک لە داخستنی دەرگەی چوونی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ نێو کەرتە وێرانکراوەکە.
 
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، کە لە مانگی یەک دەستیپێکرد و لە 01-03-2025 کۆتاییهات. لەو 42 رۆژەدا هاوکارییەکی زۆری خۆراک، دەرمان و کەلوپەل چوونە نێو کەرتەکە.
 
ئیسرائیل رایگەیاند، دەیەوێت ئاگربەستەکە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی نیسان درێژبکاتەوە، بەڵام بزووتنەوەی حەماس رازی نەبووە، ئەوان ویستیان لەبری درێژکردنەوە، دەست بە قۆناخی دووەم بکرێت، کە دەبووە هۆی راگرتنی یەکجارەکیی جەنگ.
 
لەو 251 بارمتەیەی لە 07-10-2023 حەماس رفاندنی، 58ـیان هێشتا لە غەززە ماون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34ـیان کوژراون.
ئەو رۆژە میدیای ئیسرائیلی رایگەیاند، نەتەنیاهوو بەنیازە هەفتەی داهاتوو، "ئەوپەڕی گوشار" بخاتەسەر حەماس بۆ ئەوەی بە درێژکردنەوەی ئاگربەستی قۆناخی یەکەم، لەژێر مەرجەکانی ئیسرائیل رازی بێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە