رووداو دیجیتاڵ
قەتەر کە نێوەندگیرێکی سەرەکیی نێوان حەماس و ئیسرائیلە دەڵێت، گفتوگۆکانی تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ئەو جەنگە لە قۆناخی کۆتاییدان. ئاماژە بەوەش دەکات، دەکرێت 'لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا' ئاگربەست رابگەیێندرێت.
رۆژی سێشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025 ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دەوحە رایگەیاند، "پێمان وایە ئێستا لە قۆناخی کۆتاییداین. هیواخوازین کە ئەوە [دانوستاندنەکانی ئاگربەست] بە زووترین کات ببن بە رێککەوتن."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر گوتیشی، "گەیشتووینەتە خاڵێک کە هەموو ئەو پرسانەی رێگربوون لە ئاگربەست چارەسەر کراون."
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستیپێکردووە، هەریەکە لە قەتەر، میسر و ئەمریکا وەک نێوەندگیر هەوڵی رازیکردنی لایەنەکان دەدەن بۆ ئەوەی بە ئاگربەست رازی ببن.
رۆژی دووشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، زۆر نزیکن ئاگربەستی غەززە رابگەیێنن.
میدیای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا حەماس 33 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات و ئیسرائیلیش نزیکەی هەزار بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات.
هەروەها لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا رێگە بە ئیسرائیل دەدرێت ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەک لە نێو غەززە دروست بکات.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئاگربەستەکە رانەگەیێندراوە، بەڵام لەنێوخۆی ئیسرائیل دەنگی ناڕازی دەبیسترێت.
بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە هۆشداریدا لەوەی کە دژی هەر رێککەوتنێک دەوەستێتەوە کە ببێتە هۆی راگرتنی جەنگەکە.
گوتەکانی وەزیری ئیسرائیلییەکە لەکاتێکدان، کابینەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەژێر گوشارێکی زۆردایە لەلایەن کەسوکاری بارمتەکانەوە بۆ ئەوەی بامتەکان ئازاد بکرێن.
جەنگی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد. لەو رۆژەدا چەکدارە فەلەستینییەکان 251 کەسیان بە بارمتە برد. ئێستا ئیسرائیل دەڵێت، 96یان لە غەززە ماون و 34یان کوژراون.
لەو کاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە، تەنیا یەکجار ئاگربەست راگەیێندراوە کە لە تشرینی دووەمی 2023 بوو. لە رێککەوتنەکەدا 105 بارمتە ئازادکران کە ژن، منداڵ و بەساڵاچوو بوون. ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا 240 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکرد.
06-01-2025 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشبین بوو بەوەی ئاگربەست رادەگەیێنرێت، بەڵام گوتیشی، لەوانەیە بکەوێتە دوای 20ـی ئەم مانگە کە رۆژی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپە وەک سەرۆکی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ