رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ئۆپەراسیۆنێکی رزگارکردنی ژمارەیەک کۆچبەر کە خەریک بوو بەلەمەکەیان لە باکووری لوبنان نقووم دەبوو، وێنە: سوپای لوبنان - 31ـی کانوونی دووەمی 2022
رووداو دیجیتاڵ
سوپای لوبنان رایدەگەیێنێت، 134 کۆچبەر لە سنووری باکووری وڵاتەکە دەستگیرکراون، کە هەوڵیانداوە بە بەلەم خۆیان بگەیێننە کەناراوەکانی وڵاتانی ئەوروپا.
رۆژی شەممە، 12ـی ئابی 2023، سوپای لوبنان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، گرووپێکی 134 کەسییان دەستگیرکردووە کە 130 کەسیان بە رەچەڵەک سووریایی و چوار کەسییان لوبنانین، گرووپەکە هەوڵیانداوە لە کەناراوەکانی پارێزگای عەقار بە بەلەم خۆیان بگەیێننە وڵاتانی ئەوروپا.
بەرپرسانی لوبنان ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتی سووریایی لە لوبنان نیشتەجێن.
کۆچکردن لە کەناراوەکانی دەریای نێوەڕاستەوە بۆ کەناراوەکانی وڵاتانی ئەوروپا، ئامانجی کۆچبەرانە و یەکەم وێستگەشیان لوبنانە، کە دەیانەوێت لەوێوە بگەنە کەناراوەکانی دوورگەی قوبرس، کە تەنیا 175 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی لوبنانەوە دوورە.
لە کانوونی یەکەمی پار، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی لوبنان ژێرئاو کەوت و بەو هۆیەوە لانیکەم 100 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.
جگە لە نزیکەی 300 هەزار پەناخوازی فەلەستینی و نزیکەی دوو ملیۆن پەناخوازی سووریایی لە لوبنان؛ خراپی دۆخی ئابووریی وڵاتەکە وایکردووە، نەک تەنیا ئاوارەکانی دانیشتووی وڵاتەکە، بەڵکو لوبنانییەکانیش هەزاران دۆلار بە قاچاخچییەکان بدەن بۆ ئەوەی لەڕێگەی دەریای نێوەڕاستەوە خۆیان بگەیێننە وڵاتانی ئەوروپا.
رێگەی دەریای نێوەڕاست بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگەکانی پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا دادەندرێت و بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2014ـەوە زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەر لەو رێگەیەوە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ