رووداو دیجیتاڵ
مەزارگەی ئیمام شافعی لە یەکێک لە گەڕەکە دێرین و هەژارنشینەکانی قاهیرەی پایتەختی میسرە کە بە قاهیرەی مێژوویی (کۆن) ناسراوە.
مەزارگەکە لەلایەن یونسکۆوە وەک میراتی جیهانی پۆلێن کراوە و بە بەردەوامی خەڵکی ناوچەکە و گەشتیاران سەردانی دەکەن.
زۆرترینی ئەوانەی سەردانی گۆڕەکە دەکەن، ژنانانن، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە گەشتیارانی ئیندۆنیزی و مالیزی دەبینرێن. گەشتیاران پۆل پۆل سەردانی مەزارگەکە دەکەن و نزا دەکەن، هەندێک جاریش دڵیان پڕدەبێت و دەگریێن.
گۆڕی ئیمام شافعی لە ژوورێکی چوارگۆشەی مزگەوتەکە دایە و ئەوەی جێگەی سەرنجی گەشتیارانە، شاکار و نەخش و کاری دەستییە کە "ژینگەیەکی رۆحانی تەواویان دەبەخشێت."
لەسەر گۆڕەکەی ئیمام شافعی کڵاوێک هەیە لەلایەن سوڵتان سەلاحەدینی ئەیووبی دروستکراوە، هەر ئەو سوڵتانە کوردە مەزارگەکەی نۆژەنکردووەتەوە.
ئەم مەزاگەیە جگە لەوەیەی گۆڕی کەسایەتییەکی گەوەرەی جیهانیی ئیسلامی لێیە، وەک شوێنەوارێکی گرنگی میسر و جیهان دەستنیشان کراوە. بۆیە لە ساڵی 2016-2021 لەلایەن وەزارەتی گەشت و شوێنەواری میسرەوە بە بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار نۆژەنکراوەتەوە.
محەممەدی کوڕی ئیدریسی شافعی (767-820) لە غەززە لە دایکبووە، بۆ خوێندن سەردانی مەککە، مەدینە، یەمەن و بەغدای کردووە و کۆتایی ژیانی لە قاهیرە بووە.
مەزهەبی شافعی، یەکێکە لە چوار مەزهەبەکەی سوننە، زۆرینەی کوردی موسڵمان ئەو مەزهەبە پەیڕەو دەکەن. هەروەها بەشی زۆری موسڵمانانی سوننە لە میسر، سووریا، ئوردن، ئیندۆنیزیا، مالیزیا، فەلەستین، رۆژهەڵاتی ئەفریقا، باشووری هیندستان، یەمەن، عومان و عێراق ئەو مەزهەبە پەیڕەو دەکەن.