رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) رایگەیاند، حکومەتى رزگاریی نیشتمانى، کە سەر بە دەستەکەیانە، کەسانى بە ئەزموونى تێدایە. لەبارەى حکومەتى پێشوى سووریاوە دەڵێت: "دەستبەردارى نابین و دەمانەوێت سوودیان لێ ببینین".
رۆژی دووشەممە 9ى کانوونى یەکەمى 2024، ئەبو محەممەد جۆلانى (ئەحمەد شەرع) بەیاوەرى محەممەد بەشیر راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی راگوزەری سووریا، لەگەڵ ئەحمەد غازى جەلالى، سەرۆکوەزیرانى پێشووى ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
بە گوێرەى دیمەنەکانى ئەو کۆبوونەوە کە ئاژانسى فەرمى سووریا (سانا) بڵاوی کردووتەوە، ئەبو محەممەد جۆلانى باسى حکومەتى رزگاریی نیشتمانى دەستەکەى بۆ سەرۆکوەزیرانى پێشوو دەکات و دەڵێت "ئەوان ئەزموونیان هەیە و لە هیچەوە دەستیانپێکرد لە ئیدلب، کە ناوچەیەکى بچووکە و بەبێ داهاتە".
حکومەتى رزگاریی نیشتمانى سەر بە دەستەى تەحریرى شام لە ساڵى 2017 دامەزراوە، بارەگاى سەرەکى لە شارى ئیدلبى سووریایە.
ئەبو محەممەد جۆلانى لەبارەى حکومەتى دەستەکەیەوە دەڵێت: "کەسانى بە ئەزموونى تێدایە و لە چەند دۆسیەیەکدا ئاستى سەرکەوتنیان بەرزبووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستەبەردارى ئەوەى پێشوو نابین و دەمانەوێت سوودیان لێ ببینین".
رۆژی دووشەممە، 09-12-2024، هەتەشە، محەممەد بەشیری بۆ پێکهێنانی حکومەتى قۆناخى راگوزەر راسپارد، کە لە سەرەتاى ئەم ساڵەوە سەرۆکى حکومەتى رزگاریی نیشتمانى سەر بەو گرووپە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ