گالەری

رووداو - مەدینە
 
هەر کاتێک موسڵمانان سەردانی شاری مەدینە دەکەن، بەشێک لە گەشتەکەیان بۆ چیای ئوحودە، کە یەکێکە لە بەنێوبانگترین چیا لە مێژووی ئیسلامدا و دووەم جەنگی موسڵمانان و بێباوەڕان لە ساڵی 652ی زایینی (ساڵی 3ی کۆچی) تێیدا روویدا.
 
چیای ئوحود، دەکەوێتە باکووری شاری مەدینەوە، 4 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارەکە و مزگەوتی پێغەمبەرەوە (د. خ) دوورە. ئەو شوێنەی گەشتیاران لە چیاکە سەردانی دەکەن شاخی (روماهـ)ـە، کە شاخێکی بچووکە و لە تەنیشت چیای ئوحودە، هەمان ئەو شوێنەیە کە بەپێی گێڕانەوەکان، 50 تیرهاوێژی هاوەڵی پێغەمبەر (د. خ)، لە جەنگی ئوحود لەسەری وەستابوون.
 
بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان، لە کاتی نزیکبوون لە سەرکەوتن، ئەو 50 تیرهاوێژە لەسەر شاخەکە چوونەتە خوارەوە و قوڕەیشییەکان بە سەرکردایەتیی خالیدی کوڕی وەلید لە پشتی چیاکەوە بۆیان هاتنەوە و زیانێکی زۆریان لە سوپای موسڵمانان دا؛ لەوێدا 70 موسڵمان و 22 کەس لە قوڕەیشییەکان کوژران.
 
لەوێ گۆڕی حەمزەی مامی پێغەمبەر (د. خ) هەیە، کە لەو جەنگەدا کوژرا، هەروەها ئەو شوێنەی کە پێغەمبەر (د. خ) لێی بریندار بوو کراوە بە مزگەوت.