رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی ئەمریکا رایدەگەیێنێت کە هێزە دەریاییەکانی ئێران لە گەرووی هورمز دەستیان بەسەر کەشتییەکی بازرگانیدا گرتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی تەممووزی 2023، تیم هۆکینز، فەرماندەی کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا، کە بنکەکەی لە بەحرەینە رایگەیان، هێزی دەریایی ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێریی کەشتییەکی بازرگانیی کردووە کە لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە لە گەرووی هورمز دەستی بەسەرداگیراوە.
کۆمپانیای ئەمبرێی کە کۆمپانیای هەوڵگری و ئاسایشی دەریایی بەریتانیایە رایگەیاند، کەشتییە دەستبەسەرداگیراوەکە کەشتییەکی بچووکی بازرگانی بووە و ئاڵای تەنزانیای لەسەر بووە و لە دووری 100 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای بەندەری دامانی سعودیە هاتووچۆی کردووە.
کۆمپانیاکە گوتیشی: "ئێران بەردەوام رێگری لە تانکەرە بچووکەکان دەکات کە گومانی بەقاچاخبردنی نەوتی لێدەکات."
دەستبەسەرداگرتی ئەو کەشتییانە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، 5-7-2023، هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، رێگریی لە ئێران کردووە لە کەنداوی عەرەبی دەست بەسەر دوو کەشتیی نەوت هەڵگردا بگرێت.
بەگوێرەی هێزی دەریایی ئەمریکا، مانگی رابردوو ئێران لە یەک هەفتەدا دەستی بەسەر دوو کەشتی نەوت هەڵگردا گرتووە.
بەپێی رێکخراوی ڤۆرتێکسا کە تایبەتە بە چاودێریی جموجۆڵی وزەی جیهان، نزیکەی پێنجییەکی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بە گەرووی هورموزدا دەڕوات، کە کەلێنە ئاوێکە دەکەوێتە نێوان سنووری ئێران و عومان.



