ئوردن داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بە زووترین کات لە سووریا دەربچن

06-12-2024
هێمن عەساف
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوە و کاروباری کۆچبەرانی ئوردن، داوا لە هاووڵاتییانی دەکات ئەوانەی لە سووریا نیشتەجێن، بە زووترین کات سووریا جێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. 
 
ئەمشەو 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دەرەوە و کاروباری کۆچبەرانی ئوردن، راگەیێندراوێکی لەبارەی گرژییەکانی سووریا بڵاوکردەوە. تێیدا داوا لە رەوەندە ئوردنییەکانی نیشتەجێبووی سووریا دەکات بە زووترین کات سووریا جێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. 
 
دەشڵێت، لە رۆشنایی ئەو پێشهاتە ئەمنییانەی لە کۆماری عەرەبیی سووریای دراوسێ روودەدات و لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییانمان، وەزارەتی دەرەوە و کاروباری کۆچبەران، شانەی قەیرانی نیشتمانیی بە سەرۆکایەتیی سوفیان قوزات، گوتەبێژی وەزارەتەکەمان بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ سەرجەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئوردن پێکهێناوە. 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە باس لەوە دەکات؛ ئامانج لە پێکهێنانی شانەی قەیرانی نیشتمانیی بۆ گەڕاندنەوەی بە سەلامەت و خێرای رەوەندی ئوردنییە ئەوانەی بۆ هەر مەبەستێک لە سووریا نیشتەجێن. 
 
جەخت لەوەش کراوەتەوە، شانەکە پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ باڵیۆزخانە و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کۆنسووڵخانەکانی ئوردن لە دیمەشق کردووە زانیاری لەبارەی شوێنی مانەوە و دۆخی رەوەندە ئوردنییەکانیان پێبدات و لە نزیکەوە ئاگاداریان بێت و لە سەلامەتییان دڵنیابێتەوە. 
 
شانەکە داوای لە رەوەندی ئوردنی کردووە خۆیان لە گرژییەکان دووربگرن و لە شوێنێکی سەلامەتدا بمێننەوە و چاوەڕێی هاتنی تیمی پەیوەندیدار بکەن بۆ گواستنەوەیان. 
 
وەزارەتی دەرەوە و کاروباری کۆچبەرانی ئوردن، ژمارەیەک هێڵی گەرمی پەیوەندیکردن و ئیمێلی تایبەت بڵاوکردووەتەوە و داوا لە رەوەندی ئوردنی لە سووریا دەکات، پەیوەندییان پێوە بکەن لەپێناو تۆمارکردنی زانیاریی تایبەت بۆ گواستنەوەیان و گەڕاندنەوەیان بۆ ئوردن. 
 
هێرشی دەستەی تەحریری شام لە 25ی مانگ دەستیپێکردووە و لە 27ی مانگ چوونە نێو حەلەب. ئێستا پێشڕەوییەکانیان بەرەو پارێزگای حومس بەردەوامە.    
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە