رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی باڵای ئەمنیی ئێران دەڵێن، لە شەوی پێنجشەممەوە ئێران و حیزبوڵڵا نەیانتوانیوە پەیوەندی بە فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانەوە بکەن و چارەنووسی نازانن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 06-10-2024 "دوو بەرپرسی باڵای ئەمنیی ئێران" کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاند، مانگی پێشوو ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران چووە لوبنان، بەڵام لەدوای هێرشەکەی هەفتەی رابردووی ئیسرائیلەوە بۆ سەر باشووری بەیرووت پەیوەندییان لەگەڵی پچڕاوە.
یەکێک لەو بەرپرسانە رایگەیاندووە، "قائانی لە باشووری بەیرووت بوو، بەڵام چاوی بە هاشم سەفیەدین، [شوێنگرەوەی چاوەڕوانکراوی حەسەن نەسروڵڵا] نەکەوت".
پێنجشەممەی رابردوو ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باشووری بەیرووت و چەند سەرچاوەیەک بەو جۆرە بڵاویانکردەوە، ئامانجەکە هاشم سەفیەدین بووە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئیسرائیل بۆردوومانی چڕی پێگەکانی حیزبوڵڵای لە بەیرووت کرد و ئیسماعیل قائانیش لەو شارە بوو؛ تائێستا چارەنووسی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و شوێنگرەوە چاوەڕوانکراوەکەی حەسەن نەسروڵڵا نادیارە.https://t.co/dUl9k4tZgr pic.twitter.com/Apbha3SgNI
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 6, 2024
ئەو بەرپرسە گوتیشی، لەو کاتەوە پەیوەندی لەگەڵ قائانی پچڕاوە و نە ئێران و نە حیزبوڵڵا هەواڵیان لەبارەیەوە نییە.
بەرپرسی دووەم دەڵێت، قائانی دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لە 27ی مانگی رابردوودا چووە لوبنان و لەدوای ئەو هێرشەی پێنجشەممەوە پەیوەندییان لەگەڵی نەماوە.
قائانی شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانییە کە ساڵی 2020 بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا، لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە هێرشێکی درۆنییدا کوژرا.
تاوەکو ئێستا حیزبوڵڵای لوبنان هیچ لێدوانێکی لەسەر چارەنووسی قائانی نەداوە.
دوێنێ شەممە، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، "سەرچاوەیەکی باڵای حیزبوڵڵا" پێی راگەیاندووە، گوایە لە هێرشەکەی پێنجشەممەی رابردووەوە پەیوەندییان بە سەفیەدینەوە پچڕاوە.
بەڵام دواتر حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "شتێک نییە بە ناوی سەرچاوەی حیزبوڵڵا. ئێمە روانگە و قسەکانمان بە راگەیێندراوی فەرمی بڵاودەکەینەوە". راگەیێندراوەکە نە رەتیکردەوە و نە پشتڕاستیکردەوە ئایا لە سەفیەدین دابڕاون یان نا.
"بەرپرسە باڵاکە"ـی حیزبوڵڵا بە ئاژانسە هەواڵییە فەرەنسییەکەی گوتبوو، "لە دوای هێرشە ئاسمانییە چڕەکەی سەر باشووری بەیرووت، پەیوەندی لەگەڵ سەفیەدین پچڕاوە. ئێمە نازانین کە ئایا لەو شوێنە بوو کە کرایە ئامانج یان کێ لەوێ لەگەڵی بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ