ئیسرائیل دەڵێت سیخوڕێکی ئێرانی لە سووریا رفاندووە

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لەنێو خاکی سووریا سیخوڕێکی سووریایی رفاندووە کە کاری بۆ ئێران کردووە. 
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە رفاندنی ئەو کەسە، هێرشێکی پلان بۆ دانراوی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل پووچەڵ کردووەتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سوپاکە، کەسەکە ناوی عەلی سولەیمان عاسییە، هاووڵاتیی سووریایە و لە گوندی سەعیدەی باشووری سووریا ژیاوە. 
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، کەسەکە "ئەندامی تۆڕێکی تیرۆری ئێرانی بووە" و "زانیاریی هەواڵگریی لەسەر سەربازانی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنوور کۆکردووەتەوە بۆئەوەی لە کاری تیرۆریستیدا بەکاربهێندرێت."
 
سوپاکە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەی بە وردی نەخستووەتەڕوو، بەڵام دەڵێت، "لەم چەند مانگەی رابردوودا بووە." ئاماژە بەوەش دەکات، کەسەکە "دەستگیرکراوە و گوێزراوەتەوە بۆ ئیسرائیل بۆئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت."
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنەکە "رێگەی لە هێرشێک گرت و بووە هۆی ئاشکرابوونی شێوازی کارکردنی تۆڕە تیرۆریستەکانی ئێران لە نزیک بەرزاییەکانی گۆلان."
 
پێشتر چالاکڤانانی سووریا رایانگەیاندبوو، ئیسرائیل لە 19ی تەممووزدا پیاوێکی سووریایی رفاندووە، گوایە کاری شۆفێری کردووە و شیری گواستووەتەوە بۆ دیمەشق.
 
لە کۆتایی ئەیلوولی ئەم ساڵەوە، ئیسرائیل هێرشەکانی دژی حیزبوڵڵای لوبنانی فراوانکردووە.
 
گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە سووریا، یەمەن و عێراقیش بوونەتە بەشێک لە ململانێکە.
 
ئێران و ئیسرائیلیش چەند جارێک راستەوخۆ هێرشیان کردووەتە سەر یەکدی و هێشتا مەترسیی فراوانبوونی ململانێ بۆ جەنگێکی هەرێمی لە ئارادایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە