بۆردوومانەکانی ئیسرائیل نەخۆشخانەکانی غەززەی پڕکردووە لە بریندار؛ 'هیچ شوێنێک ئارام نییە'

04-12-2023
محەممەد سالم
دایکێک و منداڵەکەی دوای بۆردوومانێکی ئیسرائیل
دایکێک و منداڵەکەی دوای بۆردوومانێکی ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نەخۆشخانەکانی غەززە پڕبوون لە بریندارانی بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە. بریندارێکی بۆردوومانەکان دەڵێت، ئەوان پەیوەندییان بە هیچ رێکخراوێکەوە نییە و خەڵکی سڤیلن، بەڵام لەگەڵ براکەی بەر بۆردوومانێکی ئیسرائیل کەوتوون و خۆی بریندار بووە و براکەشی گیانی لەدەستداوە.
 
وەزارەتى تەندروستیى فەلەستین لە غەززە داواى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد رێگە بدرێت هاوکارییە تەندروستییە پێویستەکان ببرێنە ئەو شارە و رێگەش بدرێت کە بریندارەکان بچنە دەرەوە بۆ ئەوەى لە دەرەوەی غەززە چارەسەر وەربگرن.
 
بەهۆی بەردەوامیى بۆردوومانى ئیسرائیل، تادێت ژمارەى برینداران زیاد دەبن و نەخۆشخانەکان پڕ بوون، هەریەک لەو بریندارانە چیرۆکێکیان هەیە.
 
محەممەد غبن، چیرۆکی برینداربوونی و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە و برایەکم و هاوڕێیەکم لەگەڵدا بوو، لەدواى قوتابخانەى فاخورە لە جەبالیا بە مووشەکى ئیسرائیلی بۆردومان کراین، ئێمە هیچ پەیوەندیەکمان بە هیچ رێکخراوێکەوە نییە و سیڤیلین، لە بۆردوومانەکەدا براکەم و هاوڕێکەى شەهید بوون، منیش گەیێندرامە نەخۆشخانەی ئیندۆنوسی، دواى ئەوەى هێزەکانى ئیسرائیل هەڵیان کوتایە سەر غەززە، بە خورما دەژین، نە ئاو نە خۆراک نە دەرمان هیچمان نییە." 
 
لە کۆمەڵگەى پزیشکى ناسر لە باکورى کەرتى غەززە، بریندارەکان، قەرەوێڵەکانیان پڕ کردووەتەوە، تەنانەت رێڕەوى نەخۆشخانەکەیان تەنیوە وەکو دەشڵێن، کێشەی زۆرییان هەیە. 
 
وەردە دەواس، یەکێکی دیکەیە لە بریندارەکان، دەڵێت، "هیچ شوێنێکى ئارام نییە، ئێمە گەلێکین لەسەرخۆ دەمرین، سیاسەتمەداران و حکومەت لەکوێی کێشەکانى ئێمەن؟ تاوانى منداڵەکان چییە؟ تاوانى ئەو خەڵکە چییە کە دەربەدەر بوون لەسەر شەقامەکان و کۆچیان پێکرا بۆ باکوور؟ شوێنێکى ئارام نەماوە، تەنانەت نەخۆشخانەکانیش ئارام نین."
 
عیسام ئەبوتەڕیش، بریندارێکی دیکەیە باسی ئەو مووشەکە دەکات کە چارەنووسی ئەوی بە نەخۆشخانە گەیاند و گوتی، "کاتێک بە مووشەکێک پێکراین، هەندێک لە کەسوکار و دراوسێکانم  شەهید بوون و هەندێکى دیکە بریندار بوون، منیان لەسەر سەقفى خانوویەک دۆزییەوە، سوپاس بۆ خوا لە مردن رزگارم بوو، بەڵام دەست و قاچم شکاون، نزا دەکەم  چاکببمەوە و هەمووان چاک ببنەوە."
 
وەزارەتى تەندروستیى فەلەستین لە غەززە سەرباری داواکردن لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد بۆ رێگەدان گەیاندنی هاوکارییە تەندروستییە پێویستەکان بەو شارە دەیانەوێت کە بریندارەکان بچنە دەرەوە بۆ ئەوەى لە دەرەوەی غەززە چارەسەر وەربگرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە