رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕینی شەش رۆژ لە گرژی و پێکدادانەکان لە ئیدلیب و حەلەبی سووریا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەک لەسەر داوای حکومەتی سووریا دەکات، لە کۆبوونەوەکە دۆخی ئێستای سووریا تاوتوێ دەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 02-12-2024، چەند دیلۆماتێکی ناونەهێنراو بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند: "سبەی سێشەممە 03-12-2024 ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەسەر دۆخی سووریا کۆدەبێتەوە."
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، کۆبووەنەوەکە لەسەر داوای حکومەتی سووریایە و "هەریەک لە جەزائیر، گایانا، سیرالیۆن و مۆزەمبیق پاڵپشتیی خۆیان بۆ داواکەی سووریا راگەیاندووە."
دوایین جار ئەنجوومەنەکە لەسەر دۆخی سووریا لە 21-11-2024 کۆبووەوە، تێیدا سەرنج خرایە سەر تووندوتیژییە بەردەوامەکان و قەیرانی مرۆیی لە وڵاتەکە. دیپلۆماتەکان داوایان لە هەموو لایەنەکان کرد گرژییەکان کەمبکەنەوە و پاراستنی سڤیلەکان بکەنە کاری سەرەکییان.
رۆژی چوارشەممە 27-11-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب و دوای دوو رۆژ تەواوی شارەکەیان، جگە لە دوو گەڕەکی کوردنشین، کۆنتڕۆڵکرد و لە دەستی حکومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانیان دەریان هێنا. چەکدارانی دەستەکە هێشتا نەچوونەتە نێو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، تاوەکو ئێستا 514 کەس، لە نێویاندا 92 سڤیل کوژراون. "لە نێو کوژراوەکان 268 چەکدار و 154 سەرباز هەن."
حکومەتی سووریا بە هاوکاریی رووسیای هاوپەیمانی، لە بۆردوومانکردنی بەشێکی ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکان بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ