رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، چوار کەس کوژراون و 6ـی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند، "لە بەیانییەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی کەرتەکە، چوار کوژراو و 6 بریندار گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتەکە."
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، چەند گومانلێکراوێکیان لە باکووری کەرتی غەززە بە ئامانج گرتووە کە گومانی چاندنی بۆمبیان لێکردوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "بەیانیی ئەمڕۆ چەند کەسێک لە نزیک پێگەکانی سوپای ئیسرائیل بۆمبێکی چێندراویان داناوە. بۆ نەهێشتنی ئەو هەڕەشانە، لەلایەن هێزی ئاسمانیی بەئامانج گیران."
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەرکەرتی غەززە لەکاتێکدایە، دوێنێ شەممە، دوای 42 رۆژ لە قۆناخی یەکەم، ئاگربەستی غەززە کۆتاییهات.
لەماوەی ئەو 42 رۆژەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، بزووتنەوەی حەماس 33 بارمتەی ئازاد کرد، لەبەرامبەردا ئیسرائیل هەزار و 900 گیراوی فەلەستینیی ئازاد کرد.
بەڵام هێشتا دانوستاندنی تایبەت بە قۆناخی دووەم دەستیپێنەکردووە، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل شاندی بۆ قەتەر ناردووە، بەمەبەستی دەستپێکردنی ئەو گفتوگۆیانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ