حیزبوڵڵا: 23ـی شوبات تەرمی حەسەن نەسروڵڵا بەخاک دەسپێردرێت

02-02-2025
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، 23ـی شوباتی 2025، تەرمی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبەکە بەخاک دەسپێرن.
 
ئێوارەی رۆژی 27ـی ئەیلوولی رابردوو، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی چڕی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچەکانی باشووری بەیرووتی پایتەخت و بەئامانجکردنی بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵا لە لوبنان، 6 کەس کوژران و لانیکەم 90ـی دیکەش برینداربوون، یەکێک لە کوژراوەکان حەسەن نەسروڵڵا بوو.
 
رۆژی 27ـی تشرینی دووەمی 2024، مەحموود قوماتی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی حیزبوڵڵا، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا لە بەیرووت لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند کاژێرێک بەسەر ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوان لەپلانیاندایە، بەزووترین کات رێوڕەسمێکی تایبەتی بەڕێوەبەرن بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی ئەمینداری پێشووتریان حەسەن نەسروڵڵا و هەروەها شوێنگرەوەکەی هیشام سەفیەدین کە هەردووکیان لەماوەی دوو مانگی رابردوودا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژران.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2.2.2025، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵڵا کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە دواخرابوو، لە 23ـی شوباتدا لە رێوڕەسمێکی "گەورە و گشتی"دا ئەنجام دەدرێت.
 
نەعیم قاسم گوتی: "حەسەن نەسروڵڵا لە پارچە زەوییەک لەنێوان رێگای کۆن و نوێی فڕۆکەخانە لە دەرەوەی بەیرووت بە خاک دەسپێردرێت."
 
نەسروڵڵای تەمەن 64 ساڵ بۆ ماوەی 32 ساڵ ئەمینداری حیزبوڵڵا بوو. لە دوای کوژرانی، هاشم سەفیەدین کرایە ئەمینداری بزووتنەوەکە، بەڵام ئەویش لە هێرشێکی دیکەی سوپای ئیسرائیل لە 3ـی ئۆکتۆبەردا کوژرا، سێ هەفتە دوای کوژرانی، لەلایەن سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵاوە کوشتنەکەی پشتڕاستکرایەوە.
 
لەماوەی ساڵێکی جەنگی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دا، سوپای ئیسرائیل 19 سەرکردەی باڵای حیزبوڵڵا کوشت، 7یان لە ئەنجوومی سەرکردایەتیی بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە