هاکان فیدان: چاوپۆشی لە بوونی تیرۆر لە سووریا ناکەین

02-02-2025
دیار سلێمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پێشنیازی ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان، پێشێلکردنی یاسای مرۆڤایەتییە. هەروەها لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش دەڵێت، ''چاوپۆشی لە بوونی تیرۆر لە سووریا ناکەین''.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، هاکان فیدان بە سەردانێک گەیشتە دەوحەی پایتەختی قەتەر و لەگەڵ شێخ محەممەد عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کۆبوونەوە، پاشانیش کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
 
فیدان ئاماژەی بەوە کرد، لەپێناوی بەرقەراربوونی ئاسایش لە سووریا، پێویستە هەموو لایەنە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە بچنە نێو سوپای نیشتمانیی سووریا: ''بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ سووریا و تورکیا گرنگە. وەکو چۆن شەڕ لە دژی داعش کرا، ئاواش بەردەوام بوون لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و یەپەگە گرنگە''.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گوتی، ''ئێمە وەکو تورکیا لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین. دەمانەوێت بەبێ خوێنڕشتن، چارەسەری ئەم کێشەیە بکرێت. بوونی تیرۆر لە سووریا شتێک نییە ئێمە چاوپۆشی لێبکەین''.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی داعش رایگەیاند، ''تورکیا، عێراق، سووریا و ئوردن توانای هەوڵیان لەدژی داعشدا هەیە. پشت بەخودا هەر چوار وڵات لە ماوەیەکی نزیکدا لەم بابەتەدا هەنگاو دەنێین. کۆبوونەوەی سەرەتاییمان لەمبارەیەوە کردووە. هیوادارین دۆستە ئەمریکییەکانمان واز لەو سیاسەتە بهێنن کە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا''.
 
فیدان لەبارەی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەست بە چۆڵکردنی غەززە جەختیکردەوە، ''دژی پڕۆژەی ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی گەلی فەلەستینین بۆ وڵاتانی دیکە، بە تایبەتی ئەوانەی لە غەززە دەژین. بەڕاستی ئەم پێشنیازە، پێشێلکردنی یاسای مرۆڤایەتییە. وەستانەوە لە دژی ئەمە، ئەرکی هەموو لایەکە''.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کرد، ''ئامادەین میوانداریی بەشێک لەو فەلەستینییانە بکەین کە ئازاد دەکرێن. لەبارەی ئەو بریندارانەی فەلەستینیش، دەتوانن لە نەخۆشخانەکانی تورکیا چارەسەر وەربگرن. وەزیری تەندروستیمان ئامادەکارییەکانی بۆ ئەمە کردووە''.
 
هاوکات شێخ محەممەد عەبدولڕەحمان ئال سانی، لەبارەی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ گوتی، ''وەکو قەتەر دەرگەمان هەمیشە بۆ گەلی فەلەستنی کراوەیە، بەڵام ئەمە دەبێت لەسەر بنچینەی ویست و بڕیاری خۆیان بێت. قەتەر لە بەرامبەر ئەم پێشنیازە هەڵوێستی روونە، ئەمە سیاسەتێک نییە ئێمە پاڵپشتیی بکەین، ئێمە لەگەڵ حکومەتی سەرۆک ترەمپ لەسەر هێڵین. هیوادارین لەسەر بابەتەکە ناکۆکیمان نەبێت''.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە