كەلسوم تاهیر
رووداو- هەولێر
سۆرێ، دایكی دوو كوڕە، زۆر بە سۆزەوە لە كچە تازە لەدایكبووەكەی دەڕوانی و دەیگوت "چاوەڕێی كچێكمان دەكرد". نیگاكانی وایان دەردەخست كە زۆر دڵخۆشە بە لەدایكبوونی كچەكەی. بەپێی قسەی سۆرێ، مێردەكەشی حەزی دەكرد كچیان ببێ "ئەو جیاوازییە نەما بڵێن ئەوەی كوڕ دەیكات كچ نایكات. ئێستا ئەوەی كچ دەیكات كوڕ نایكات بۆ دایك و باوكی".
ئەو تێڕوانینە كۆمەڵایەتییەی كە جاران پێیوابوو ئەوەی منداڵی كوڕی نەبێت وجاخی كوێرە، خەریكە بەرەو كاڵبوونەوە دەچێت. بە پێچەوانەی رابردوو ئێستا زۆر لە خێزانەكان حەز دەكەن منداڵی كچیان ببێ.
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی لە دایكبوون و ئافرەتان لە هەولێر، لە ساڵی رابردوودا 26 هەزارو 600 منداڵ لەو نەخۆشخانەیە دایكبوون، 13 هەزار و 13یان كچ بوون و 13 هەزار و 587 یشیان كوڕ بوون.
دایكێك لە نەخۆشخانەی لەدایكبوون لە هەولێر، تازە منداڵی پێنجەمی ببوو، ئەویش وەكو چوار منداڵەكەی دیكەی كچ بوو، ئەو ژنە توندتر منداڵەكەی لە باوەش دەگرت و دەیگوت "هەر كچێكم بە هەموو دنیا نادەم، زۆربەی پیاوان حەز بەكوڕ دەكەن، بەڵام هەرچی خوا بیدات ئەو باشە".
پەروین رۆژێك بوو لە نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان یەكەم منداڵی كوڕی ببوو. پەروین زۆر راشكاوانە دەیگوت حەزمان دەكرد كچمان ببێ. مێردەكەشم حەزی دەكرد كچ بێ. دایكی پەروینیش كە لەلای راوەستابوو، بە (رووداو)ی گوت "دوو هەفتەیە كچێكم بە شووداوە، وادەزانم لایەكی ماڵەكەم رووخاوە".
بەپێی زانستی بۆ ماوەیی، پیاو بەرپرسە لە دیاریكردنی رەگەزی منداڵ، كرۆمۆسۆمەكانی پیاو پێكدێن لە xy، هەروەها كرۆمۆسۆمەكانی ژنیش پێكدێ لە xy، هەر كاتێك كرۆمۆسۆمی xی پیاو لەگەڵ xی ژن یەكیگرت، ئەوا منداڵەكەیان كچ دەردەچێت، هەر كاتێكیش كرۆمۆسۆمی yی پیاو لەگەڵ یەكێك لە xەكانی ژن یەكی گرت، ئەوا كوڕیان دەبێ، بەڵام هێشتا هەندێك لە پیاوان لەو باوەڕەدان رەگەزی منداڵ بە دەست ژنە نەك ئەو. بۆیە زۆرجار بەو هۆیەوە ژنان تووشی گرفت دەبن، لەوانەش ژن بەو هۆیەوە تەڵاق دەدرێت، یان ژنی دووەمی بەسەردێت.
شایی محەممەد، بەشی تاقیگەی كۆلێژی زانستی تەواوكردووە، پێیوابوو خێزانەكان زیاتر حەز بە كوڕ دەكەن "جا لەبەر هۆكاری عەشایری بێت، یان هەر هۆكارێكی دیكە، هەیە منداڵ فڕێ دەدات لە دەرەوەی نەخۆشخانە. بەڵام دیارنییە زیاتر كچ فڕێدەدرێ یان كوڕ".
ئەمەل زۆر خوشحاڵ بوو بە لە دایكبوونی كوڕەكەی، چونكە یەكەم منداڵیان بوو، هیچ جیاوازییەكی نەدەبینی لە نێوان كچ و كوڕ "ئێستا دنیا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە". ئەڤین محەممەدیش، كە تازە كچێكی ببوو گوتی "پیاو زیاتر حەز بە كوڕ دەكات، بەڵام كچ خۆشەویستترە و بە ڕەحمترە. كوڕ تەنیا ناوی گەورەیە".
ئەو ژنە چاوی لەسەر كچەكەی هەڵنەدەگرت و دەیگوت "ئەوەی چاوەڕێمان دەكرد خوا پێمانی دا" سەوسەن ئاماژەی بەوەشدا مێردەكەی زیاتر لەو خۆشحاڵترە بە لەدایكبوونی كچەكەی، چونكە "2 كوڕمان هەبوو. هیچ جیاوازیەك نابینم لەنێوان كچ و كوڕ. لە كۆندا تەنیا كوڕیان پێ باشبووە.كە ناوی باوكی هەڵدەگرێ، بەڵام هەست دەكەم ماڵمان رووناكتر دەبێ بە لەدایكبوونی كچەكەم، ئەو بیركردنەوەیە نەماوە كە تەنیا كوڕ بە شازادەی ماڵ بزانرێ".
مەهاباد، دایكی دوو كچ و دوو كوڕە دەڵێت كچ هیچی لە كوڕ كەمتر نییە "كچ دەسووتێ بۆ دایك و باوكی، بەڵام كوڕ نا"، بەڵام نەجیبە كە چوار كچ و دوو كوڕی هەیە كوڕی پێ باشترە لەكچ، چونكە "كوڕ پشتی باوكێتی لە رۆژی تەنگانە".
ئەسما و مەنسور، تازە ژیانی هاوسەرییان پیكهێناوە، پێیانوایە هەرچی خوا بیدات ئەوە باشە، بەڵام هاوسەری ئەسما دەیگوت "حەز دەكەم كوڕمان ببێت، چونكە دەبێتە شوێنگرەوەی باوكی. بەڵام كچم زیاتر خۆشدەوێ".


