پزیشکانی ئەمریکا لە خۆراکی منداڵان نیگەرانن

22-09-2017
زێڕین کامەران
نیشانەکردن منداڵان،خۆراک
A+ A-


رووداو-هەولێر

پزیشکانی زانکۆی بۆستن لە ئەمریکا لە ئەنجامی توێژینەوەیەکیاندا رایدەگەیەنن، لەگەڵ ئەوەی هەندێک لە چێشتخانەکانی ئەمریکا جۆری خۆراکی منداڵانیان بەرەو باشتر بردووە لە رووی ئەو بڕە کالۆرییەی تێیاندایە، بەڵام خۆراکە خێراکان هێشتا بڕێکی زۆری خوێ، چەوری و شەکریان تێدایە.


توێژینەوەکە لە جۆڕناڵی خۆراک و هەڵسوکەوتدا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دەڵێت منداڵی ئەمریکی بڕی پێویست میوە و شیرەمەنییە کەم چەورییەکان ناخۆن و خۆراکی چێشتخانەکانیش دەوڵەمەندن بە خوێ و چەوری و شەکری زیادکراو، هاوکات دەڵێت  منداڵانی ئەم سەردەمە خۆراکەکانیان بەشێوەیەکی رۆتین لە چێشخانەکانی دەرەوە بەدەست دەهێنن و ئەمەش کاریگەری لەسەر تەندروستی گشتی منداڵ دەبێت .

د. سارا سلێوا لە زانکۆی تافتس دەڵێت لە نێوان 63 بۆ 72%ی خۆراکە خێراکان لە ئەمریکا پابەندن بە پەیڕەوکردنی ئەو پرۆگرامەی لەلایەن خۆراکناسانی نیشتمانییەوە دیاریکراوە بۆ بڕی کالۆری لە خۆراکی منداڵدا، بەڵام لە 90% یان پابەند نین بە بڕی خوێ و چەوری .

پزیشکانی زانکۆکە داوا دەکەن پێوەرەکان رێکبخرێن بۆ کەمکردنەوەی رێژەی قەڵەوی منداڵانی ئەمریکی کە لە ساڵانی رابردووەوە روو لە زیاد بوونە و بەپێویستی دەزانن دەستبەجێ رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە