شەكر یەكێكە لە خراپترین ئەو شتانەی دەمیان بۆ دەبەین. چەندێك شیرینە، ئەوەندەش ژیانت تاڵ دەكات، ئەمەش لەڕێگەی تووشكردنی مرۆڤ بە گەلێك كێشەی تەندروستی.
شەكر هیچ جۆرە سوودێكی نییە. خاڵییە لە هەرچی ماددەی پێویستی جەستەیە، تاكە سوودێك هەیبێ ئەوەیە كە وزە بە لەش دەبەخشێ، بەڵام بەم وزەیەش دەگوترێ (وزەی فشۆڵ) جا ئەگەر ئەو كەسەی شەكر دەخوات زۆر خۆی ماندوو بكات، ئەوە ئەو وزەیە بەكاردەبات، ئەگەرنا وزەكە دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆی قەڵەوی.
كاتێك شەكر دەخورێ، شەكری خوێن و لەمەشەوە ئاستی ئەنسۆلین بەرز دەبێتەوە، بەرزیی ئەنسۆلینیش رۆڵی كاریگەری هەیە لە تووشبوون بە شێرپەنجە. كەواتە یەكێك لە هۆیەكانی شێرپەنجە، بەتایبەت شێرپەنجەی مەمك و قۆڵۆن، شەكر خواردنە. ئینجا بەهۆی ئەوەی (فراكتۆز)ی تێدایە، شەكر كار دەكاتە سەر فرمانی جگەر، ئەمەش لەڕێگەی كۆكردنەوەی چەوری تێیدا و دروستبوونی بەرگری بۆ ئەنسۆلین كە ئەمەش قۆناغی پێش شەكرەیە.
لێكۆڵینەوە زانستییەكان ئەوە دەردەخەن كە شەكر خواردنی زیاد لە پێویست، تەنانەت لە ماوەیەكی كورتی دوو مانگ و نیویشدا، دەبێتە هۆی قەڵەوی و بەرزبوونەوەی چەورییە خراپەكانی نێو خوێن. ئەمە جگە لە چەندان زیانی دیكەی وەك ئەوەی وزەی پێویست دەبەخشێت بە بەكتریاكانی نێو دەم بۆ ئەوەی بكەونە رزاندنی ددانەكان و كلۆركردنیان.
گشت ئەوانە وادەكەن كە بڵێین تاوەكو دەكرێ دەم بۆ شەكر مەبەن، ئەگەر هەر بشخورێت، دەبێ بزانرێ كە بەپێی رێنماییەكانی (كۆمەڵەی پزیشكانی دڵی ئەمەریكی) نابێت پیاوان لە نۆ كەوچكە چا و ژنانیش لە شەش كەوچكە چا زیاتر شەكر بخۆن لە شەو و رۆژێكدا! ئەگەر شەكر خواردنی رۆژانەی خۆمان لەگەڵ ئەمەدا بەراورد بكەین، بە ئەنجامێكی سەیر دەگەین، چونكە لای ئێمە وا باوە كە بە كەوچك (عەیارە)ی شیر شەكر لە چا دەكرێ، هەر عەیارەیەكیش چوار كەوچكە چا دەكات!
زۆر كەس ئەمەی بۆ باس بكەیت، دەڵێ "جا ژیان بێ شەكر چۆن دەبێ؟". راست دەكات، بەڵام ئەمە بەهۆی ئەوەوە نییە كە شەكر سوودی هەیە بۆی، بەڵكو بەهۆی ئەوەوەیە كە بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ ئاڵوودەی شەكر بووە!
بەڵێ، لێكۆڵینەوە زانستییەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە شەكر ئاڵوودەمان دەكات. رێك وەك ئاڵوودەبوون بە جگەرە و مەی، سەرەتا دەست لێبەردانی زۆر زەحمەتە، بەڵام دوای ماوەیەك، بگەڕێیتەوە سەری، پێی تێكدەچی. یەك دوو هەفتە بەرگەی تامی چای تاڵ بگرە، دوای ئەوە بزانە بێ شەكر دەكرێ یان نا؟! ئەگەر هەر بەرگەی تاڵیی چای ناگری، سەرەتا هەوڵ بدە بە خورماوە بیخۆیتەوە.
زۆر خواردن و خواردنەوەی دیكەش هەن كە بڕی زۆری شەكر لەخۆ دەگرن، بۆیە دەبێت خۆ لەوانیش بەدوور بگرین، بەتایبەت كێك و پاقڵاوە و خواردنەوە گازییەكان. تۆ دەزانی لە كاتی ئامادەكردنی ئەوانەدا، بە پەرداخ شەكریان تێدەكرێ نەك كەوچك؟
ئینجا هەندێك خواردنی دیكە هەن كە شەكری زۆریان تێدایە بێ ئەوەی پێیان بزانین، بۆ نموونە كەوچكێك (كێچاپ) 3 گرام (واتە كەوچكێك چا) شەكری تێدایە و قوتوویەك سۆدەش 40 گرام (10 كەوچكە چا) شەكری تێدایە.



