رووداو-سلێمانی
بۆ پێشگرتن بەو میکرۆبە سەرسەختانەی بەرامبەر دەرمانە دژەزیندەکان بەرگرییان پەیداکردووە و ساڵانە ملیۆنان کەس دەکوژن، تەنیا پێویستمان بەوەیە ساڵانە بۆ هەر مرۆڤێک دوو دۆلار ببەخشرێت، رێکخراوی هاریکاری و گەشەی ئابووری جیهانیی وادەڵێ.
رێکخراوە جیهانییەکە گرفتی سەرسەختبوونی میکرۆبەکان بە "یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ زانستی پزیشکیی مۆدێرن" ناودەبات و دەڵێ ئەگەر هەنگاوی پێویست نەنرێ بۆ بەرەنگاربوونەوەیان ئەوە لە 30 ساڵی داهاتوودا ئەو میکرۆبە سەرسەختانە 2 ملیۆن و 400 هەزار کەس لە ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و ئوسترالیا دەکوژن.
سەرسەختبوونی میکرۆبەکان لە بەرامبەر دەرمانە دژەزیندە (ئەنتیبایۆتیک)ـەکان بووەتە گرفتێکی جیهانیی و وەبەرهێنانی پێویستیش لە پیشەسازیی دەرماندا نەکراوە بۆ پێشگرتن بەم گرفتە گەورەیە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانیی هۆشداریی دەدات ئەگەر هەنگاوی گەورە و بەرچاو نەنرێ بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم کارەساتە تەندروستییە، ئەوە دوورنییە لەم سەدەیەدا بگەینە قۆناخی لەکارکەوتنی دەرمانە دژەزیندەکان، ئەوەش واتە مردنی چەندەها کەس بە ئەو هەوکردنانەی جاران زۆر ئاسان چارەسەردەکران.
راپۆرتێکی زانستیی حکومەتی بەریتانیا ساڵی 2014 وەهای خەمڵاندبوو کە بۆ ساڵی 2050 ئەگەر ئەم گرفتەی ئێستا هەروا بێچارە بمێنێتەوە، ئەوە ساڵانە 10 ملیۆن کەسی دیکە زیاددەبن بۆ سەر ژمارەی قوربانییانی تووشبوون بە میکرۆبە سەرسەختەکان و ساڵانە زیانی 100 تریلیۆن دۆلاریش لە ئابووری جیهان دەکەوێت.
لە راپۆرتە نوێیەکەی رێکخراوی هاریکاری و گەشەی ئابووری جیهانیی کە چوارشەممە ٧ی نۆڤەمبەر بڵاوکرایەوە، هاتووە "ئەگەر بە خێرایی و لەماوەیەکی کورتدا وەبەرهێنان لە چارەی ئەم گرفتەدا بکەین، ئەوە ژیانی چەندەها کەس رزگار دەکرێ و بڕێکی زۆری پارە بۆ ئابووریی وڵاتان دەگەڕێتەوە".
رێکخراوەکە پێشنیازدەکات بە پێنج جۆر ببینە لەمپەر لە بەردەم ئەم میکرۆبە سەرسەختانە، ئەوانیش؛ چەسپاندنی رێوشوێنە سەرەتاییەکانی تەندروستیی کەس و خێزان، کۆتاییهێنان بە زۆر نووسینی دەرمانی دژەزیندە، پشکنینی خێرا بۆ ئەوەی دەرمانی دژەزیندەی هەرەگونجاو بدرێ بە هەر نەخۆشێک، زوو دەستنەکردن بە بەکارهێنانی دەرمانی دژەزیندە بۆ ئەو حاڵەتانەی زۆر پیویست نین و هەروەها هەڵمەتی فراوانی میدیایی بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و پەیوەندیداران.
راپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە لە وڵاتانی هەژار و دواکەوتوودا سەرسەختبوونی میکرۆبەکان بڵاوترە و بە خێراییش روو لە زیادبوونە. بۆ نموونە لە هیندستان، بەرازیل و روسیا رێژەی سەرسەختبوونی میکرۆبەکان 40-60%ی تێپەڕاندووە (واتە لە 40-60%ی حاڵەتەکانی هەوکردندا میکرۆبی سەرسەخت هەن)، کەچی لە وڵاتانی چوارچێوەی رێکخراوی هاریکاری و گەشەی ئابووری جیهانیی 17% یە. پێشبینیشدەکرێت ئەو وڵاتە هەژار و کەمداهاتانە حەوت هێندە بە خێرایی سەرسەختبوون بڕۆن بەراورد ولاتەکانی چوارچێوەی رێکخراوی هاریکاری و گەشەی ئابووری جیهانیی.



