رووداو - هەولێر
ئۆتیزم
ئۆتیزم نەخۆشییەکی ئاڵۆزی مێشکە و لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا بەهۆی کێشەیەکی کۆئەندامی دەمار دەردەکەوێت، فرمانی ئاسایی مێشک تێکدەچێت و توانای گفتوگۆ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەسەکە کەمدەبێتەوە.
پزیشکان دەڵێن ئەو منداڵانەی لە قۆناخێکی سەرەتایی تووشبوونیاندا دەستنیشاندەکرێن و دەست بەچارەسەریان دەکرێت، مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە رووی رەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان باشتردەبن.
.jpg)
هۆکارەکانی ئۆتیزم
تاکو ئێستا هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە دیارنییە، بەڵام کاتێک تاکێکی منداڵی دووانە تووشی ئۆتیزم دەبێت، ئەگەری تووشبوونی منداڵەکەی دیکە 70-90% دەبێت، ئەمەش ئاشکرایدەکات کە نەخۆشییەکی بۆماوەییە و کۆمەڵێک بۆهێڵ بەرپرسن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە.
هەروەها دەگوترێت هۆکاری ژینگەیی وەک بەرکەوتن بە ڤایرۆس و ماددە ژەهراوییەکان لەماوەی دووگیانی ئەگەری تووشبوونی کۆرپە بە ئۆتیزم زیاددەکەن.
.jpg)
نیشانەکانی ئۆتیزم
ئۆتیزم نەخۆشییەکی بڵاو و ئاڵۆزە و نیشانەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازن، هەندێکجار دەگوترێت هیچکات دوو تووشبووی ئۆتیزم نیشانەکانیان لەیەکدی ناچن.
لە باوترین جیاکەرەوە و نیشانەکانی ئۆتیزم:
1- پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
رەفتاری کەسانی تووشبووی ئۆتیزم تەواو جیاوازە بە بەراورد بە کەسانی دیکە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەگەر کەسێک حاڵەتەکەی سەخت نەبێت لە رووی کۆمەڵایەتییەوە وەک کەسێکی گەلحۆ دەردەکەوێت، بەڵام ئەگەر نیشانەکانی قورستربن، وا دەردەکەوێت کە گرنگی بە کەسانی دەوروبەری نادات، هەروەها زۆرجار کەسانی دەوربەری دەڵێن تووشبووەکە سەیری کەسانی دەروربەری ناکات و نازانێت چۆن سەرنجی دەرووبەری رابکێشێت.
.jpg)
2- سۆزداری
کەسێکی تووشبووی ئۆتیزم کەمتر گرنگی بە دەوروبەری دەدات و ناتوانێت لە هەستییان تێبگات، بەڵام ئەگەر راهێنانی پێبکرێت، دەتوانێت رابێت و هەست و سۆزداری زیادببێت.
3- بەرکەوتنی جەستەیی
زۆربەی منداڵانی ئۆتیزم حەز لە لەباوەشکردن و دەستلێدان ناکەن، بەڵام هەموویان بەمشێوەیە نین و هەندێکیان گرنگی بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و لەباوەشکردنی دایک و باوک، نەنک و باپیریان دەدەن و چێژی لێوەردەگرن.
.jpg)
4- قسەکردن
هەرچەندە حاڵەتی تووشبوویەکی ئۆتیزم زیاتربێت، زیاتر کار لە توانای قسەکردنی دەکات و هەندێکیان تەنانەت هەر ناتوانن قسەبکەن، لەکاتێکدا هەندێکیان تەنیا چەند وشەیەک دەزانن و بەردەوام دووبارەی دەکەنەوە.
5- دەنگی بەرز، بۆن و رووناکی
کەسێکی تووشبووی ئۆتیزم بە دەنگی بەرز، هەندێکجاریش بە رووناکی و بۆنی لەناکاو بێزاردەبێت و تووشی شۆک دەبێت، بەڵام پزیشكان دەڵێن پێشتر ئاگادارکردنەوەیان دەربارەی دەنگ و بۆنەکە، کارەکە ئاسانتر دەکات.
6- رەفتاری دووبارە
تووشبوویەکی ئۆتیزم بەردەوام رەفتاری دووبارە دەکات، بەردەوام لە شوێنێکی ژوورەوە بۆ شوێنێکی دیکە بازدەدات، وێنەی هاوشێوە و دووبارە دەکێشێت، جوڵەی سەیر و ناوازەی دووبارە ئەنجامدەدات.
منداڵێک کە ئۆتیزمی نەبێت حەز دەکات شوێنی خۆشۆردن و فڵچە و جلەکانی بگۆڕێت، بەڵام منداڵانی ئۆتیزم دەیانەوێت بەردەوام هەمان کاربکەن و حەز بە گۆڕانکاری ناکەن.
.jpg)
7- فێربوون
منداڵانی ئۆتیزم هەندێکجار زۆر خێرا فێری کارەکان دەبن، بە جۆرێک رەنگە زۆر لە منداڵانی ئاسایی ئاسانتر فێری خوێندنەوەی وشە و یاریکردن بە مۆبایل و لاپتۆپ ببن و هەندێکیشیان ئەو توانایەیان لاوازترە.
8- هەستییان هەیە
تووشبووانی ئۆتیزم هەستەکانیان دەرنابڕن، بەڵام وەک هەر کەسێکی ئاسایی دڵخۆشدەبن، هەست بە خۆشەویستی و خەم و ئازار دەکەن.
چارەسەری تووشبووان
کۆمەڵێک چارەسەر هەن بۆ تووشبووانی ئۆتیزم، کە زۆربەیان پەیوەستن بە چارەسەری رەفتار و گەشەی منداڵان، بەڵام وەک دەرمان جگە لە لابردن و کەمکردنەوەی نیشانەکانی وەک گەشکە، تاکو ئێستا دەرمانێکی تایبەت بۆ نەخۆشییەکە نەدۆزراوەتەوە.
هەندێکجار منداڵان راهێنانیانی تایبەتیان پێدەکرێت، تاکو بتوانن خۆیان خواردن بخۆن و خۆیان پاکبکەنەوە، هەروەها فێری گفتوگۆکردن و چالاکی جەستەیی دەکرێن، هەروەک لە زۆر وڵات قوتابخانە و فێرگەی تایبەت هەن بۆ خوێندنی منداڵانی ئۆتیزم.
.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ