وەك هەر ئامێرێك، لەشی مرۆڤیش كە گەرم دادێت، پێویستی بە ساردبوونەوەیە. ئەم كردارە لە رێگەی ئارەقەكردنەوە دێتەدی، بەڵام وەنەبێ ئارەقە هەر لە ئاو پێكهاتبێ، بەڵكو كۆمەڵێك ماددەی دیكەیشی لەگەڵدا دێتەدەرەوە وەكو خوێیەكانی نێو خوێن، بەتایبەتیش سۆدیۆم. جا كاتێك ئەم ئارەقەكردنە ئاستێك تێدەپەڕێنێ، حاڵەتێك دروست دەبێ كە پێیدەگوترێ (خۆر بردن- Heat Exhaustion)
ئەو حاڵەتە لە كەشی گەرمادا روودەدات كە لای ئێمە زۆر باوە. خۆ ئەگەر لەگەڵ ئەوەشدا راددەی شێ بەرز بێت، بە جۆرێك بگاتە 60% (كە ئەمەیان بەهۆی دووریمان لە دەریاوە بەزەحمەت لای ئێمە روودەدات)، ئەوە ئەگەری روودانی خۆربردن زۆر زیاتر دەبێت.
نابێ خۆر بردن بە كەم وەربگیرێ، چونكە ئەگەر زوو چارە نەكرێ، كێشەی جددیی تەندروستی لێدەكەوێتەوە و سەردەكێشێ بۆ حاڵەتێكی تەنگەتاویی تەندروستی كە پێیدەگوترێ (جەڵتەی گەرمی- Heat Stroke). لەو حاڵەتەدا جەستە توانای خۆ فێنككردنەوە لەدەستدەدات و گەرمیی لەش بەرز دەبێتەوە بۆ 40 پلەی سەدی، ئیدی ئەندامەكانی لەش بەرگەی ئەو گەرمییە زۆرە ناگرن و ئەگەر زوو تایەكە چارە نەكرێ، پەكیاندەكەوێ. بەم جۆرەش مەترسی لەسەر ژیان دروست دەبێ.
باشترین رێگەی ناسینەوەی ئەوەی حاڵەتەكە گەیشتووەتە ئەم ئاستە یان نا، بوونی هەر نیشانەیەكی پەیوەست بە ناوەندە كۆدەمارە وەك سەرەگێژە و گەشكە و بوورانەوە. لە كاتی بوونی ئەم نیشانانەدا دەبێت نەخۆشەكە لە ئاوی سارد هەڵبكێشرێ و سەهۆڵ بخرێتە بن باڵ و بینەقاقای و بە زووترین كات ببرێت بۆ نەخۆشخانە.
نیشانەكانی خۆربردن:
ژانی سەر و ماسوولكە، دڵتێكەڵاتن، سەرگێژخواردن، تینوێتی، بێهێزی، تا لێهاتن، ئارەقەكردنی زۆر، كەمبوونەوەی میز و تۆخبوونی رەنگەكەی، خێرا لێدانی دڵ.
ئەوانەی ئەگەری تووشبوونیان زۆرە:
1- منداڵ و بەساڵاچووان
2- ئەوانەی نەخۆشییەكانی وەكو شەكرە، دڵ، هەناسە و گورچیلەیان هەیە.
3- ئەوانەی تووشی سكچوون و نەخۆشییەكانی تاداری هاتوون.
4- قەڵەوەكان
5- شارنشینان.
6- ئەوانەی كار و مەشقی قورس دەكەن، وەك سەرباز و وەرزشوانان
چارەسەر:
1- چوونە بەر سێبەر و خۆ دانە بەر هەوای فێنككەرەوە
2- داكەندنی جل
3- بەكارهێنانی خاولی تەڕ
4- زۆر ئاو خواردنەوە.
5- پاڵكەوتن و قاچ بەرزكردنەوە
رێنمایی بۆ تووشنەبوون:
1- خۆنەدانە بەر خۆر لە رۆژی گەرمدا و بەتایبەت لە كاتی نیوەڕۆیاندا
2- ئاوخوارنەوەی زۆر و كەم خواردنەوەی چای و قاوە
3- دووركەوتنەوە لە خواردنەوەی مەی
4- پۆشینی جلی تەنك و بەرین و رەنگ كاڵ
5- بەكارهێنانی چەتر یان كڵاوی گەورە
6- بەكارهێنانی كرێمی دژە خۆر لە كاتی چوونە دەرەوەدا
7- نابێت خۆت ماندوو بكەی
8 – خۆشووشتن
9 - كەمكردنەوەی گەرمی و تیشكی خۆر لەنێو ماڵ لە رێگەی پەردە دادانەوە و كوژاندنەوەی هەرچی ئامێری كارەبایی ناپێویست هەیە.
* د.زانا ئهحمهد خوێندكاری بۆرد لە هەناو و شارەزایه لە دروستیی خۆراك



