رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، 16 کەسیان دەستگیر کردووە کە لە گەڕەکی هوانەی شارەکە پەلاماری کچەکەیان دا. گوتیشی، تۆمەتباران "دانیان بە تاوانەکایاندا ناوە."
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە، 31-12-2022، گوتی، ئەوانەی دەستدرێژییان کرابووەسەر، سێ كچ بوون، بەڵام تەنیا ڤیدیۆی یەكێک لە کچەکان بڵاوبووەتەوە کە هێرشی کراوەتەسەر و تەمەنی 17 ساڵە. گوتیشی، ئەو كچە چەند جارێکی دیکەیش چووتە ئەو شوێنە و خەڵكی شاری سلێمانییە.
بەگوتەی گوتەبێژەکەی پۆلیسی سلێمانی، ئەو تۆمەتبارانەی کە دەستگیرکراون، سێ کەس لەوان خۆیان ڤیدیۆکەیان تۆمارکردووە و بڵاویانکردووەتەوە. دەشڵێت، سەرجەمیان خەڵکی شاری سلێمانین.
رووداوەکە رۆژی هەینی بووە و بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا چەند گەنجێکی ماتۆڕسوار دوای کچێک دەکەون و لێی دەدەن، کاردانەوەی لێکەوتەوە.
پۆلیسی سلێمانی دەستی بەسەر چەندین کەلوپەل و چەقۆدا گرتووە کە بەو کەسانە بووە و گوتەبێژی پۆلیسی شارەکە دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە بەردەوام دەبێت. دەشڵێت، لە هەر شوێنێکی شارەکە هەر کەسێک تاوانێک بکات، رووبەڕووی یاسای دەکەنەوە.
لەبارەی ئەو شوێنەوە کە رووداوەکە تێیدا روویداوە، سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەوانی نەگوتووە کە شوێنەکە نایاساییە، كچەکەش چەند جارێکی دیکە چووەتە ئەو شوێنە، بەڵام "هەوڵدەدەین ئەو شوێنە دابخرێت."


