رووداو - هەولێر
ئەفسەرێکی پێشمەرگە لەبەشی ئەندازەیی سوپای بارزان، کە ئەرکی سەرەکی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی بوو، لە میحوەری تلسقۆف شەهیدبوو.
رۆژی دووشەممە 31-10-2016 لە میحوەری تلسقوف، ئەوکاتەی هێزی پێشمەرگە خەریکی کێوماڵکردنی چەند گوندێک بوون، لە گوندی خرابێت چەند چەکدارێکی داعش خۆیان حەشاردابوو و لەئەنجامی شەڕێکدا ئەفسەرێکی پێشمەرگە لە هێزی فەرماندەیی بارزان کە ئەرکی سەرەکی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی بوو بەناوی سدیق ئەرگۆشی شەهیدبوو.
عەقید ناجی سیامەند، بەرپرسی کارگێری سوپای بارزان لە لێدوانێکیدا بۆ (رووداو) گوتی "بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 31-10-2016 لەکاتی کێوماڵکردنی گوندی خرابێت لەمیحوەری تلسقوف چەند چەکدارێکی داعش لەخانوویێکدا خۆیان حەشاردابوو ئەو کاتەی شەهید سدیق خەریکی گەڕان بەدوای بۆمبی چێنراو بوو، شەهیدبوو".
عەقید ناجی زیاتر گوتی "شەهید سدیق رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پووچەڵکردنەوەی ئەو بۆمبانەی کە داعش دوای خۆیان جێیاندەهێڵێت و لەچەندین میحوەری جیاواز بەسەدان بۆمبی پووچەڵکردووەتەوە و شارەزاییەکی باشی لەو بوارەدا هەبووە و چەندین خولی بینیووە، هەروەها چەندین پێشمەرگەی دیکەش لەسەر دەستی شەهید سدیق ئەرگوشی شارەزاییان پەیداکردووە لە پووچەڵکردنەوەی بۆمب".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ