رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی هەولێر لەبارەی دۆزینەی تەنێکی نامۆ لە گوندێکی سەر بە قەزای قوشتەپەی پارێزگای هەولێر روونکردنەوەی دا و رایگەیاند: "ئەوەی دۆزراوەتەوە تەقینەوە نییە."
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، لە روونکردنەوەیەکدا کە شەوی پێنجشەممە بڵاوی کردووەتەوە رایگەیاند: "سەبارەت بە (تەنێکی نامۆ) کە لە چەند رۆژی رابردوو لە گوندی کەرزۆری سەر بە قەزای قوشتەپە لە ناو زەویوزاری جووتیارێک لە کاتی دروێنەکردنی گەنمەکەی دۆزرایەوە، دەستبەجێ تیمی پووچەڵکردنەوەی بۆمبی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان گەیشتنە شوێنی ئاماژە پێکراو."
ئەو تەنە نامۆیە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەلایەن جووتیارێکی گوندەکەی قوشتەپەوە دۆزرایەوە و هەر زوو ئاسایشی هەولێری لێ ئاگادارکرایەوە.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەداوە تیمەکانیان تەنە نامۆکەیان هەڵگرتووتەوە، پاش پشکنین و شیکارکردنی، دەرکەوت ئامێرێکی یاریکردنی ترسناکی منداڵانە کە لە بۆنەی یادکردنەوەی (هاڵۆوین) بەکاردەهێنرێت و چەند گڵۆپێکی بچووکی جوانکاریی تێدایە بۆ ماوەیەکی زۆرە لەو شوێنە دانراوە و هیچ ماددەیەکی تەقینەوەی لەگەڵ نەبەستراوە، هەروەها ناشبێتە هۆکاری هیچ جۆرە ئاگرکەوتنەوەیەک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ