رووداو - سلێمانی
فەرمانبەر و مامۆستا مانگرتووەکانی سلێمانی سەرەڕای برسێتی، ماندوێتی، سەرما و بای بناری گۆیژە، بەڵام سوورن لەسەر داواکارییەکانیان و دەڵێن، مانگرتن ناشکێنن.
دڵشاد بابانی، مانگرتوو دەڵێت، "بەهۆی نەخواردنی خواردنەوە زەخت و شەکرەمان دادەبەزێت و نەخۆش دەکەوین، بەڵام تیمی تەندروستی بەفریامان دێن. ئەمڕۆ منداڵەکانم هاتن، نیوەی چارەسەرەکەم ئەمان بوون و بەشی چوار رۆژ وزەیان پێداوم."
مانگرتوویەکی دیکە بەناوی دڵشاد میرانی، ئاماژەی بەوە کرد، "بەهۆی ئەوەی ئاو، قاوە و چاییشم نەخواردووەتەوە، ئەمڕۆ دۆخم خراپتر بوو لە هاوڕێکانم."
خێوەتی مامۆستا مانگرتووەکان لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، سات دوای سات گەورەتر دەبێت و پشتیوانیشیان لە زیادبووندایە.
دیار قەزاز، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست گوتی، "بە پرسی خۆمانی دەزانین و پشتگیرییان دەکەین." هەروەها عوسمان گوڵپی، گوتەبێژی مانگرتووان باسی لەوە کرد، "حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کەسیان نەهاتوونەتە سەر خەت."
10 مامۆستا و فەرمانبەر کە سێیان ژنن، چوار رۆژە مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە و دەڵێن، "دەمانەوێت دەسەڵات لە برسێتیی ئێمە و خەڵک تێبگات."
شنە عەلی، مانگرتوو ئەوەی خستەڕوو، "دووریی منداڵەکانمان ناڕەحەتە، پێچەوانەی زەخت و شەکرەش، ورەمان بەرز دەبێتەوە و پاڵەوان نادۆڕێت."
مانگرتوویەکی دیکە بەناوی پاکیزە حەمەئەمین ئاماژەی بەوە کرد، "سەرماکە زۆرە، خەریکە تووشی سکچوون دەبین، ورەمان بەرزە کە ئێوە دەنگمان دەگەیێنن. ئێمە دەچینە دۆخی کۆما گەر وا بڕوات، بۆیە داوا دەکەم ئەم خێوەتە چۆڵ نەکەن."
لە زۆربەی قوتابخانەکانی سلێمانی بایکۆتە، هەرچەندە بایکۆت مەترسییەکی فەوتانی خوێندن و پەروەردەیە، بەڵام خێمەی ناڕەزایەتییەکان مەترسیی مەرگیشی بۆ مامۆستا مانگرتووەکان دروست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ