بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک کە تێیدا هێرش دەکرێتە سەر کچێک کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

30-12-2022
رووداو @Rudawkurdish
وێنەیەکی کچەکە لەکاتی هێرشەکە؛ لەو ڤیدیۆیانە وەرگیراوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە
وێنەیەکی کچەکە لەکاتی هێرشەکە؛ لەو ڤیدیۆیانە وەرگیراوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە
A+ A-
 
ئاسۆ سەراوی و سۆران حوسێن
رووداو - هەولێر

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا چەند گەنجێکی ماتۆڕسوار دوای کچێک دەکەون و لێی دەدەن، کاردانەوەی لێکەوتەوە. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، رووداوەکە ئەمڕۆ لە "سنووری سلێمانی" روویداوە.
 
لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ژمارەیەکی زۆری گەنج کە دەگوترێت ماتۆڕسوارن، دوای کچێک کەوتوون و یەکێکیان لێی دەدات و کچەکە دەکەوێتەوە سەر زەوی. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق کە بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کردووە، دەڵێت: "ئەمڕۆ بووە لە گەڕەکی هوانە لە سنووری سلێمانی".
 
رۆژی هەینی 30-12-2022، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەداخەوە ئەو رووداوە ئەمڕۆ لە هوانە لە شاری سلێمانی روویداوە. ئەو گەنجانە دوای ئەوەی لە کچەکەیان داوە، کچەکە لەگەڵ چەند ماتۆڕسوارێکدا لەوێ دوور کەوتووەتەوە."
 
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەکرد، لە چەند رۆژی رابردوویشدا کە چەند کەسێک دەستدرێژییان کردبووە سەر کچێک لە سلێمانی و پۆلیسی پارێزگاکەش هەواڵەکەی بڵاوکردەوە، ئەو کەسانەش "لەو کەسانەی نێو ئەو گۆڕەپانەی ماتۆڕسوارەکان بوون." 
 
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەڵێت " ئەو نێرانەی کە وەک دڕندە پەلاماری کچێک دەدەن کە خواستی بووە وەک هەرکەسێک تەماشای پێشبڕکێیەک بکات، بەرهەمی ئەو خیتابە بەربەریەن کە رۆژانە بەرامبەر ژن و کچی ئەم هەرێمە بە پلان و بە رێکخراوی بەڕێوەدەچن، دەسەڵات و کۆمەڵگەیەک ئەم بەربەریەتە راینەچڵەکێنێت دەبێت چاوەڕێی مردنێکی خێرا بێت."
 
داواکاری گشتی سکاڵا تۆمار دەکات
 
دادوەر سەڵاحەدین لەتیف، سەرۆکی داوای مافی گشتی لە داواکاری گشتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوای بینینی پارچەیەک ڤیدیۆ کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە کۆمەڵێک گەنجی زۆر سووکایەتی و تەحەڕوش بە کچێکی گەنج دەکەن، ئێمە وەک داواکاری گشتی پەیوەندی بە پۆلیسی سلێمانی دەکەین و سکاڵا لەسەر تۆمەتبارانی ئەو رووداوە تۆمار دەکەین."
 
دادوەر سەڵاحەدین باسی لەوەش کرد "بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی رووداوەکە پێویست بە فەرمانی دادوەریش ناکات، چونکە ئەوە تاوانێکی ئاشکرایە دەکرێت پۆلیس راستەوخۆ و تۆمەتباران و سەرپێچیکارانی رووداوەکە دەستگیر بکات."
 
 پۆلیسی سلێمانی بۆ رووداو: پێنج کەسمان دەستگیرکردووە

عەمید، ئاسۆ شێخ تەھا، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: پێنج کەسیان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، 790 قوتابخانەکەی کردەوە.

سوودانی 790 قوتابخانەی کردەوە کە لە رێککەوتنێکدا لەگەڵ چین دروستکراون

ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رێوڕەسمەکەدا گوتی، دابەشکردن و دروستکردنی ئەو قوتابخانانە لەسەر بنەمای چڕیی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک، دوو دەوامی و سێ دەوامیی قوتابخانە، هەروەها بوونی قوتابخانەی خراپ بووە.